دوو برای وەرزشکاری خەڵکی بۆکان، بە ناوەکانی سامان جەلیلی و بێهنام جەلیلی سێ هەفتە پێش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران. ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، هێرشیان کردووەتە سەر یانەی وەرزشی ئەم دوو برایە و بە دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕاگەیاند: “هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو دوو برایە، کە وەرزشکاری پارکوورن، بە باتۆم و پەنجە بۆکس لەو دوو برایەیان داوە”. ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: ” ئەو هێزانەی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم، زۆرێک لە کەلوپەلەکانی یانەی ئەوو برایەیان شکاندووە”.
لەدوای تێپەڕینی سێ هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەو دوو برا وەرزشکار و ناسراوانەی خەڵکی بۆکان و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرکرانیان لەبەردەستدا نییە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی جەلیلی لەمبارەوە ڕاگەیاند، کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم دوو برایە پشتیوانییەکانیان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵک لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.