دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی لە شاری پاوە دەستبەسەر کران.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان، ئیبراهیم سەجادی خەڵکی گوندی کۆڵجی سەر بە شاری سەوڵاوا و حسێن کەریم پوور خەڵکی گوندی دەزاوەر سەربە شارۆچکەی نەوسوود، لە بازگەیەکی پشکنینی شاری پاوە، بە بەکارهێنانی توندووتیژیەوە بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و شوێنی مانەوەی ئەم دوو هاووڵاتییە هەتا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیاری ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.