دەمەونیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، حەسەن دەرئوفتادە و هاجەر بەرزەنجی، دایک و باوکی کۆمار دەرئۆفتادە و ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە دەرئۆفتادە، منداڵەکانی تری ئەم بنەماڵەیەیان دەستبەسەر کردووە. دایکی کۆمار بەهۆی هەڕەشەی هێزە حکوومەتییەکان بە دەمانچە و گوشاری ناڕەحەتیی لەڕادەبەدەر تووشی دەمارەهێدمە بووە و دوای ئازادبوونی، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە. شایانی باسە کە ژێکاف و میدیا دەرئۆفتادە، خوشک و برا بچووکەکانی کۆمار دەرئۆفتادە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ڕژیم ئەندامانی ئەو بنەماڵە دادخوازەیان لە بازگەی دەروازەی شاری پیرانشار دەستبەسەر کردووە. لە کاتێکدا لە ڕێگەی گوندی “زێوکە”دا بوون ” و بەتەما بوون لە گوندی لەدایکبوونی کۆمار بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیان و لەسەر گۆڕی گیانبەختکردوو جەژنی لەدایکبوونی بەڕێوە ببەن، هێزەکانی ڕژیم بە دەستبەسەرکردنیان ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی جەژنی لەدایکبوونی ئەو گیانبەختکردووەیان لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە کردووە. لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند: “هێزەکانی ڕژیم لە بازگەی دەروازەی شاری پیرانشار ئەندامانی ئەم بنەماڵەیان ناچار کردووە جلە کوردییەکانی خۆیان کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کۆمار لەبەریان کردبوو، داکەنن و ئەو جلانە لەگەڵ هەموو کەلوپەلەکانی دیکەیان و بەتایبەت مۆبایل و کەلوپەلەکانی تایبەت بەو جەژنە کە ئامادەیان کردبوون، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە”. شایانی باسە کە باوکی و دایک و هەروەها خوشک و براکانی کۆمار دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون، ئازاد و ڕەوانەی ماڵی خۆیان لە شاری پیرانشار کراون، بەڵام هاجەر بەرزنجی، دایکی کۆمار بەهۆی گوشاری ناڕەحەتیی لەڕادەبەدەر تووشی دەمارەهێدمە بووە و دوای ئازادبوونی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.