تازەلاوێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ، لە ٩ ڕۆژ پێشەوە بە هۆی ئەوەیکە”دەربڕینی دڵخۆشی دوای دۆڕاندنی تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی” ناو بردراوە، دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، محەممەد یووسفی، خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لەو شارە دەستبەسەرکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد یووسفی، دوای کێبڕکێی تۆپی پێی تیمی هەڵبژاردەی کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردەی قەتەر، لە نێوان ئەو خەڵکەی دڵخۆشییان دەردەبڕی، دەستبەسەرکرابوو.
لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و بارودۆخی ڕاگرتنی ئەو منداڵە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە تەندروستی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە چەند منداڵی دیکەش هاوکات لەگەڵ محەممەد یووسفی دەستبەسەرکراون کە تا ئێستا ناوەکانیان نەزانراوە.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە یاریگای “الثمامە”، بە دەرئەنجامی سێ بە دوو لە بەرانبەر تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی قەتەردا دۆڕاندی و سەرنەکەوت بۆ قۆناغی کۆتایی.
شایەنی باسە کە، لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان وەکوو جوانڕۆ، سنە و دیواندەرە خەڵک دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان و خۆشحاڵی خۆیان لە دۆڕاندنی دەربڕی.