لە درێژەی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە، دوو هاووڵاتیی تر لە شارەکانی سنە و مەهاباد دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕ، یووسف بەکری، تەمەن ٣٨ ساڵ و دانیشتووی “پشتەپە”ی سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، محەممەد ڕۆستەمی، هاووڵاتییەکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە و تەمەن ٣٣ ساڵ، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە. یووسف بەکری و محەممەد ڕۆستەمی، هەردووکیان لە شوێنی کارەکەیان بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کراون، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک ورد و دورست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەم بارەیەوە هیچ ئاکامێکی نەبووە.