ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕەشەمە، سێ لاوی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی محەممەد فەرەجی، تەمەن ٢٠ ساڵ، ئەفشین ڕەسووڵی، تەمەن ٢٧ ساڵ و ڕەزا محەممەدڕەزا، تەمەن ٢٠ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ڕفێندراون.
سەرچاوەکانی هەواڵ لە شاری بۆکان ڕایانگەیاند؛ هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ورمێ، لە سیناریۆسازییەکدا وەکوو کڕیارانی مەدەنی تەلەفۆنیان بۆ محەممەد فەرەجی کردووە و داوایان لێ کردووە ناوبراو وەک وستای چاککەرەوەی ئۆتۆمبێل ناونیشانێکیان پێ داوە کە بچێت ئۆتۆمبێلێکیان هەیە چاکی بکاتەوە، ئەو هاووڵاتییە چووەتە ئەو شوێنە دیاریکراوە و هەر گەیشتووەتە شوێنەکە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراوە.
محەممەد فەرەجی، پێشتر لە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە بۆکان ڕفێنداوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ناوبراو حەفتەی پێش لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ، ئازاد بووە.
هەروەها ئەفشین ڕەسووڵی و ڕەزا محەممەدڕەزا، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان هاوکات لەگەڵ محەممەد فەرەجی، لە گەڕەکی میراوا ئەو شارە لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس، بارودۆخ و دۆخی تەندروستیی ئەو سێ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.