فەرشاد محەممەدی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، کاتژمێر ٢٣: ٠٠ی شەوی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیەوە لەم شارە دەستبەسەر کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەدا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم بە تەواوەتی ماڵەکەیان گەمارۆ داوە و بەبێ هیچ هۆکارێک چوونەتە ناو ماڵەکەی و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، فەرشاد محەممەدی کە وەک کرێکارێک کاری جوانکاری و ڕازاندنەوەی ناوماڵ و خانووبەرە دەکات، بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕیزیکردن بەم هاووڵاتییە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە. تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ فەرشاد محەممەدی و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی لە بەردەستدا نییە.