مەهدی جەمشیدی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری کرمانشا و کرێکاری بیناسازی، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی ئەو شارە لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، لە بەردەم بەڕێوەبەریی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕژیم پاش دەستبەسەرکردنی مەهدی جەمشیدی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و بنەماڵەکەی و دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەل و کەرستە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
مەهدی جەمشیدی، دوای بانگەوازی گشتی بۆ ناڕەزایەتی لەسەر هێرشی کیمیایی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕەشەمە، لەنێو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.