هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری ئیلام و دەستبەسەرکراوێکی ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا. ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار، موسەیب فەتاحبەیگی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی ٣ی جێبەجێکردنی سزای تاوانەکانی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام بانگ کراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ و ٦ ساڵ بەندکردن، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا. شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی پارێزگای ئیلامەوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی رابردوو، سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا. ناوبراو لە مانگی سەرماوەزی پارەکە و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا و لە شاری ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژیمەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد بوو.