لاوێکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی سامان خزرنژاد، نزیکەی ٣ مانگە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و لە ماوەی ڕابردووشدا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە تۆمەتی “موحارەبە” و “بێڕێزیکردن بە پێغەمبەران” بەسەریدا سەپاوە. بەپێی زانیارییەکان؛ سامان خزرنژاد، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی شاری بۆکان و خاوەنی بڕوانامەی بواری “ڕاهێنان و پێگەیاندنی وەرزشی”، ماوەی ٢ مانگ و ٢٦ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە سنووری مەریوان دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ ناوەندە حکوومەتییەکان لە شاری ورمێ گواستراوەتەوە، لە دەستبەسەرگەی ئەو شارە ڕاگیراوە. بەپێی یاسای سزا ئیسلامییەکان، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێت کە تۆمەتی “موحارەبە” و “بێڕێزیکردن بە پێغەمبەران” دراونەتە پاڵیان. شایانی باسە کە ٣١ی گەلاوێژی ئەمساڵ دایکی سامان خزرنژاد بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا و داخوازیی ناوبراو بۆ دوایین چاوپێکەوتنی دایکی بە هۆکاری دژایەتیی یاریدەدەری فەخریی داواکاری گشتی ئەمنیەتی کە لە بینای داواکاریی گشتیی شاری بۆکان کار دەکات، ڕەت کرایەوە. جێگای ئاماژەیە کە، سامان خزرنژاد لە ماوەی ٨٧ ڕۆژی دەستبەسەربوونیدا، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.