فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران هۆکاری سەرەکیی ژنکوژییە
شەممە ۱۷-۰۴-۱۴۰۲   |  08-07-2023
دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران هۆکاری سەرەکیی ژنکوژییە

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەق، لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ەوە هەتا جۆزەردانی ١٤٠٢ واتە بۆ ماوەی دوو ساڵ ١٦٥ ژن لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران بە دەستی یەکێک لە پیاوانی بنەماڵەیانەوە کوژراون. بێگومان وەکوو زۆرێک لە کێشە و کارەساتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ئێران، ئەم ئامارە ڕەنگدانەوەی بەشێکی زۆر چکۆلەیە لە ڕاستییەکان نیشان دەدات و ئاماری واقعی یەکجار زیاتر لە ئامارە ڕاگەیەندراوەکانن. هەواڵ و ڕاپۆرتی پێوەندیدار بەم تاوانانە لە میدیاکانی حکوومەتەوە کەمتر ڕەنگدانەوەیان هەیە و ئەگەریش بیانبێت نەک وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو تەنها وەک تاوانێک لە چوارچێوەی یاسا ئیسلامییەکاندا چاوی لێدەکرێت. چونکە ئەگەر وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەنگدانەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و پێگەی ژێردەستی ژن لە کۆمەڵگا چاوی لێبکرێ، ئەوکات ڕۆڵی دژەژنی حکوومەتی ئیسلامی و کەلتوور و یاسایەک کە پەرەی پێداوە و ئەم قەتڵانەی لێدەکەوێتەوە، ئاشکرا دەبێت. ئەوکات دەبیندرێت کە چون لە پشت هەموو قەتڵێکەوە کە لەژێناوی دیفاع لە حورمەتی بنەماڵە و نامووس لە کۆمەڵگادا ئەنجام دەرێت، شوێنی پێی ڕژیمی ئیسلامی، ڕژیمی هەڵاواردنی ڕەگەزیی پێوەدیارە.

لە ڕۆژنامەی شەرقدا هۆکاری ڕوودانی ئەم قەتڵانە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کێشەی ناو بنەماڵە، دەلیلی نامووسی و مەسەڵەی ماڵی ڕاگەیەندراوە. لە هەموو حاڵەتەکاندا قەتڵەکان لەلایەن باوک، کوڕ، شوو، خەزوور، برای شوو و باقیی ئەندامانی پیاوی بنەماڵە و کەسوکاریانەوە ئەنجام دراون. هەروه ها ئه م ڕۆژنامەیە باس لەوه دەکات که به پێچەوانه ی ئەو باوەڕەی که کوشتنی ژنان به گشتی بۆ ناوچه لادێ و شاره دووره دەستەکان دەگەڕێتەوه ، له کۆی ١٦٥ ژنی کوژراو ، ٤١ ژن له پایتەخت کوژراون. ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان تەرمی پارچەپارچەکراوی ژنێکی لاو لە ناو ساکێکی وەرزشیدا لە مەیدانی ئازادیی تاران دۆزرایەوە و یەک مانگ دواتر لە چواری پووشپەڕدا، تەرمی لەتلەتکراوی ژنێکی لاوی دیکە لە پەنا سەتڵێکی زبڵدا لە یەکێک لە مەحەلاتی پایتەخت دۆزرایەوە. لە حاڵێکدا کە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ئێران و جیهان شایەدی یەکێک لە شکۆدارترین ئاخێزە جەماوەرییەکان بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە میحوەریەتی دیفاع لە ماف و ئازادیی ژنان بووە، دەبینین کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، کوشتنی ژنان لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا زیادی کردووە.

هۆکاری قەتڵی ئەم ژنانە و ئەنجامدەرانی ئەم قەتڵانە هەرچییەک و هەر کەسێک بێت، سەرچاوە سەرەکییەکەی ڕژیمی ئیسلامی کۆنەپەرست و سەرکوتگەر و دژەنی دەسەڵاتدار لە ئێرانە. توندوتیژیی بنەماڵەیی، قەتڵی نامووسی، منداڵهاوسەری، فرۆشتن و بەشوودانی ئیجباریی کچان بەخاتری هەژاریی بنەماڵە، قەتڵی کچان بەخاتری هەڵبژاردنی شێوازی جیاوازی ژیان، هەر هەموویان سەرچاوەکەی زاڵبوونی چوار دەیە سیاسەت و یاسا و بەرنامەی ڕژیمی دژەژن و سەرکوتگەری ئیسلامییە. لە ڕوانگەی سەرانی ڕژیمی ئیسلامییەوە، بنەماڵە پێویستە ڕەنگدەرەوەی بەها ئیسلامییەکان و سیاسەت و فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی ڕژیم بێت. بە باوەڕی ئەوان پیاوان دەبێ حاکمی موتڵەق بنەماڵە بێت، تا سەرکوت و ئیستبدادی ئەم ڕژیمە بە باشترین شێوە لە چوارچێوەی بنەماڵەدا بەرهەم بێننەوە. ئەوکات نیزامی ئیسلامی سەرکەوتوو بووە و بەها و کلتووری دواکەوتووانەی لە هەموو کۆمەڵگا، لە ناو ماڵ و لە زانکۆ و لە کارخانەدا پەرەپێداوە.

کاتێک سەرانی ڕژیم بۆ مانەوەی نیزامی بێ ئیعتباری ئیسلامی و بەڕێوەبردنی کلتوور و یاسای پرتووکاوی پیاوسالاری، ژنان بەرەوڕووی هەمووجۆرە مەحرومیەت و سەرکوت و بێ مافییەک دەکەنەوە، بە تاوانی سەرپێچی لە یاسا ئیسلامییەکان، کچان لە سەربانەوە بەردەدەنەوە، لە خەیابان دەیاندەنە بەر گولـلە، لە زنیدان ئەشکەنجەیان دەدەن و دەستدرێژییان دەکەنە سەر، و ناچار بە خوکوژییان دەکەن، هیچ سەیر نییە پیاوانێکیش پەیدا بن کە لە چوارچێوەی ماڵدا بەم ناو و بەم هۆکارانە و بۆ پاراستنی ئابڕوو و نامووسی بنەماڵە، بە پشتیوانیی یاسا، ژنان بکوژن و لە ژیان بێبەرییان بکەن. ئەو قاتڵانەی کە هۆکاری کوشتنی ژنان و پارچەپارچەکردنیان پاککردنەوەی ژنانی ناپاک و فاسد لە شارەکان بەیان دەکەن، لەڕاستیدا هەمان ئەلفاز و بەیاناتی دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساوکردنی سەرکوت و نابوودیی ژنان دووپات دەکەنەوە. مەگەر لەتلەتکردنی کردنی تەرمی ژنێکی لاو و ڕەهاکردنی لە مەیدانی ئازادی بۆ ترساندنی ئەو ژنانە نییە کە لە مەیدانی ئازادی بە بێ حیجاب دەڕەخسن. مەگەر ئەم کردەوەیە لەڕاستای سیاسەتی ئێعدامی بەئاشکرای ڕژیم بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا نییە؟ ئەمجارەیان دەستی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەکردنەوە لە ژنان لە لەڕێگەی قاتڵانی سریاڵیەوە دەرکەوت.

لەڕاستیدا ئەم یاسا و سیاسەتە دژەژنانەی حکوومەتی ئیسلامی بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەرەپێدانی قەتڵی نامووسی و توندوتیژی دژبە ژنان لە بوارە جۆاوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی فەراهەم کردووە. هەربۆیە توندوتیژی دژبە ژنان بە هەموو نەهامەتییەکانیەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە سەرچاوەکەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بێتە مەیدان. هەربۆیە لەناوبردنی زەمینەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژی بەرانبەر ژنان و قەتڵی نامووسی لە مەسیری تەعەڕوزی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبیی دەسەڵاتدار لە ئێران و لە مەسیری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژن، ژیان، ئازادی و بە پێشەنگایەتیی ژنان دەستیپێکرد، زەربەیەکی بەتەوژمی لە پایەی ئایدیۆلۆژیک و دژەژنی ڕژیمی ئیسلامی داوە. پێویستە ئەم دەستکەوتانە بکرێنە ئامرازی پێشڕەوی بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دژەژنە.

وتەی ڕۆژ ی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co