فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زانکۆ لە کارخانە و شەقام جیا نییە
یەکشەممە ۰۴-۰۴-۱۴۰۲   |  25-06-2023

کۆماری ئیسلامیی کە لە بەرامبەر درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا داماو و بێتوانایە، زانکۆ، مەدرەسە، کارگە و کارخانە و شوێنە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی کردووەتە ئامانجی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی و درێژە بە شەپۆلی ئێعدامکردنی بەندکراوان دەدات. هێرشی شیمیایی دەکاتە سەر مەدرەسەکانی کچان، دووکان و ڕێستووران و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بەخاتری خزمەتگوزارییان بە ژنانی بێحیجاب پلۆمب دەکات، ساحلی دەریاکان دەگەڕێت نەکا ژنان شنەی دەریایان وێکەوێ، مامۆستایان تەعلیق و ئیخڕاج دەکات، بە تۆپ و تانک هێرش دەکاتە سەر کوردستان، لە سیستان و بەلوچستان لە هیچ جەنایەتێک دەریغ ناکا و تەنانەت هێرش دەکاتە سەر مەراسمی ڕێزلێنان لە گیانبەختکردووان. ڕژیمێکی تاوانکار کە تەنیا پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا، سەرکوت و هەڕەشەیە و بە قەولی خوێندکارانی زانکۆی هونەر “ئێمە و ئێوە دەریایەک خوێنمان لەنێواندایە”.

هەفتەی ڕابردوو کاتێک خوێندکارانی زانکۆی هونەر لە ناڕەزایەتی بە پۆششی داسەپاوی مەقنەعە لە پەردیس باغی میللی ئەم زانکۆیە کۆبوونەوە، هێزە سەرکوتگەرەکانی حەراسەتی زانکۆ هێرشیان کردە سە رخوێندکاران، لە ئاو و خۆراک و سێرویسی بێهداشتی مەحرومیان کردن و چەند ڕۆژ دواتر هێزە لیباس شەخسییەکان ژمارەیەکیان لە خوێندکارانی بەشداری کۆبوونەوەکە دەستبەسەرکرد و بۆ شوێنێکی نامەعلووم ڕایانگواستن. کۆماری ئیسلامی کە سیاسەتی تەحمیلیی حیجاب و عیفافەکەی لەئاستی کۆمەڵگەدا شکستی هێناوە و ناتوانێ چیتر پۆششی ژنان کۆنتڕۆڵ بکات، هەوڵ دەدات ئەم شکستە بە سەرکوتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی زانکۆکان قەرەبوو بکاتەوە. لەو جێگەوە کە زانکۆ و خوێندکاران لە ساتە هەستیارە مێژووییەکانی ئێراندا بەردەوام هێمانی خۆڕاگری و خەبات بەرانبەر بە دیکتاتۆری و ڕەمزی یەکگرتن و هاوپشتیی کۆمەڵگا بوون، لەم ڕووەوە هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی هێرش بۆسەر زانکۆ و سەرکوتی خوێندکاران بە پڕۆسەی خامۆش و تەسلیم کردن و کۆتایی هێنان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەزانن.

ئێستا کە خوێندکارانی خەباتکاری زانکۆکان بە موقاومەت و تێکۆشان و یەکگرتوویی لە بەرابەر سیاسەتی سەرکوتگەرانە و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستاون و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئاخێزی ژینا زانکۆکانیان کردووەتە سەنگەری خۆڕاگری، حکوومەت هێرش دەکاتە سەر خوێندکاران تا بۆ جارێکی تر کۆمەڵگا بەرەودواوە بگەڕێنێتەوە. بەڵام موقاومەت و خۆڕاگری و هاوپشتیی بزووتنەوەی خوێندکاری و شەپۆلی بەرینی پشتیوانیی جەماوەری خەڵک لە خوێندکارانی زانکۆی هونەر لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو نشانی دا کە ئەم موقاومەت و خەباتە تەنیا بە زانکۆکان سنووردار نییە و ئەم بزووتنەوەیە هێندە بەرین و جەماوەرییە کە هیچ ڕادەیەک لە سەرکوت، چیتر ناتوانێ بەری پێبگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات. خەباتی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا و یەکگرتوویی و هاوپشتیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژیان لەگەڵ خەباتی بەشەکانی تر، نیشانی دەدات کە زانکۆ و مەدرەسە و کارخانە و زیندان بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە دژبە ڕژیمن و بە جۆرێک پێکەوە پەیوەستە و بەردەوام بەرەوپێش حەرەکەت دەکەن کە هەموو دەزگای سەرکوتیان بێتوانا و دەرماندە کردووە.

هەڕەشە و سەرکوتگەریی بەردەوامی هێزەکانی ڕژیم و درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان نەک نیشانەی توانا و هێزی ڕژیم، بەڵکوو نیشانەی بێتوانایی و شکستی ڕژیمە لە بەرابەر عەزم و ئیرادەی کۆمەڵگا بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە. ژنان بە لابردنی حیجاب و بە پەرەپێدانی بێ حیجابی پایەی ئایدیۆلۆژیی ئەم نیزامەیان لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز کردووە. بەرینایی هێرشی ڕژیم بۆسەر ژنان و چڕکردنەوەی هەموو هێزەکانی لەدەوری مەسەلەی حیجاب و گەڵاڵەکردنی یەک لە دوای یەکی سیاسەتی دژی ژن، نیشانەی ترسی ئەم دەسەڵاتەیە لە ڕووخانیی حەتمیی. لەئێستادا زانکۆ بووەتە یەکێک لە هێماکانی موقاومەتی کۆمەڵگا بەتایبەت ژنان دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامی.

کۆماری ئیسلامیی کە لە پەرەسەندن و گەشەی ئاخێزی ئێستا ترساوە، هەرچی لە توانای بووە دژبە کۆمەڵگا بەکاری هێناوە، بەڵام هیچکام لەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە و جەنایاتی نەیتوانیوە مانعی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بێت. ڕژیم کە ناتوانێ بەربە شەپۆلی مەزنی ناڕەزایەتیی و شەپۆلی مانگرتنی خەیابانیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و دژایەتیی ژنان بەرامبەر بە حیجاب بگرێت، بەشێوەی جیا جیا بەرەوڕوویان دەبێتەوە تا شایەد لەم ڕێگەوە بتوانێ سەرکوت و خامۆشیان بکات. تا بەخەیاڵی خۆی دوژمن لە ماڵی خۆیدا لەناوبەرێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەوەیکە لە کۆمەڵگای ئێراندا بەرچاوە نەک سەرکوت و کوشتاری ڕژیم، بەڵکوو خەبات و خۆڕاگری و هاوپشتیی بزووتنەوە پێشڕەوەکانە کە لە زانکۆ، کارخانە، کارگە، مەدرەسە، زیندان، خەیابان، شوێنی ژیان و لەسەر کڵگۆکان، بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە بەردەوام لە حەرەکەتدان.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەردەوام ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگی بووە لە زیندووڕاگرتنی خەبات و موقاومەت دژبە دیکتاتۆری و بێعەداڵەتی و پەیوەنددانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. دروشمی “کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، یەکگرتن، یەکگرتن” کە نیشانەی وەفاداری و ئیتحادی بزووتنەوەی خوێندکارییە لەگەڵ باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵ و پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا، لەئێستادا پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر بەرامبەربە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بە دەنگێکی ڕەساتر بوترێتەوە. لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، پێویستە داخوازیی دیموکراتیکی گەڵاڵەکراوی ئەم بزووتنەوەیە بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەریەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری بەرانبەر بە ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست کە دەیهەوێ ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدابەرێ، تەنیا بە هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییە دیموکراتیکانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە کە دەتوانێ ئەم ئەرکەی بە سەرەنجام بگەیەنێت و لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی قایمتر بەرقەرار بکات.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co