بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزشکی دادوەریی ڕژیم، بەهۆی لافاوی ئەم دواییانەوە کە لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران ڕووی دا، ٩٥ کەس گیانیان لەدەست داوە کە بۆ ناسینەوەیان نێردراونەتە ناوەندی پزیشکی دادوەریی پارێزگاکان”.
هاوکات ڕۆژنامەی “شەرق”ی سەر بە ڕژیم لە زاری دانیشتووانی دەورووبەری “ئیمامزادە داوود” بڵاوی کردووەتەوە کە جگە لە تەرمە بیندراوەکان لانیکەم ٢٠٠ کەس بەهۆی لافاوەوە لەژێر خانووە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە کە زۆربەیان کرێکار بوون و بۆنی تەرمەکانیان شوێنەکەی تەنیوە.لەلایەکی دیکەوە “محەممەدحوسێن نامی” بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ڕایگەیاندووە کە ١٣٦ شار و ١٣٤٤ گوند، بەهۆی هەستانی لافاو و بارانبارینی وەرزی گەرماوە، زیانیان پێگەیشتووە. هەستانی لافاو لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە کە ٢٤ پارێزگای ئێرانی گرتەوە زیانێکی زۆری بە بەشی کشتوکاڵ گەیاند و لەو پەیوەندییەدا وەزیری جەهادی کشتوکاڵی ڕژیم زیانەکانی بۆ ١٠ میلیارد تمەن مەزندە کردووە. بەرپرسانی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری قەیرانی خانووبەرەش بڵاوی کردووەتەوە کە ٢٠ هەزار خانوو لەو لافاوەدا زیانیان بەرکەوتووە. کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە لە بڵاوکردنەوەی ئاماری زیانەکان و قوربانیانی ئەو لافاوانەشدا ساختەکاریی کردووە بۆ ئەوەی کەس ئاگاداری ڕاستییەکان نەبیت و نەزانن لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەو رژیمەدا چ دەگوزەرێت.