ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەر و لە تاران هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشان، دوای سێ حەوتوو لەدەستبەسەرکرانی، دەزگای دادیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی موحاریبەی بەسەردا سەپاندووە.
سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕەپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەر، بەهۆی پشتیوانی کردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە ماڵەکەی خۆی ڕفێندرا. بەگوێرەی زانیارییەکان، سامان یاسین لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا بووە.
سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر بارودۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر خەڵک بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی خەڵک دەربڕیوە.