ساڵانە یەک ملیۆن هێکتار زەوی لە ئێران دەبێتە بیابان
شەممە ۱۹-۰۶-۱۴۰۱   |  10-09-2022
هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕژیم لە زاری “عەباسعەلی نۆبەخت”، بەڕێوەبەریی ناوەندی سەرچاوە سرووشتییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ساڵانە یەک ملیۆن هێکتار، لە زەوی و زارەکانی ئێران، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاوەوە دەبێتە بیابان و چۆڵەوانی کە ئێمە تەنیا دەتوانین پێش بە سەدا ٣٠ی ئەو کارەساتە بگرین. ناوبراو وتوویەتی؛ ئێران ١٦٥ ملیۆن هێکتار پانتایی هەیە و لەو ڕێژەیە نزیکەی ١٣٥ تا ١٣٧ ملیۆن هێکتاری سەرچاوەی سرووشتییە.
ئەو کاربەدەستەی ڕژیم وتوویەتی؛ لە سەدا ٩٨ی ئاگرکەوتنەوەکانی لێڕەوار و دارستانەکان بە دەستی مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێت و تەنیا ٢ لەسەدی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هۆکاری سروشتییە و ئەوەش زیانێکی زۆر بە دارستان و ژینگە دەگەیەنێت.