فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سزای زیندان و دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بەسەر پارێزەرێک لە شاری مەشهەد
چوارشەممە ۰۸-۰۹-۱۴۰۲   |  29-11-2023

خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و دانیشتووی شاری مەشهەد، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە، سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات، دوو ساڵ قەدەغەکردنی کارکردن لە پیشەکەی خۆی واتە پارێزەری و هەروەها قەدەغەکردنی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەریدا سەپاوە.
ئەو هاووڵاتییە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە؛ بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی لە ڕاستای گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی” ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە و بۆ ماوەی دوو ساڵیش بۆ شاری نەهبەندان لە پارێزگای خوراسانی باشوور دوور خراوەتەوە.
ئەم پارێزەرە لە ١٠ گەلاوێژی ئەمساڵ پاش بانگکردن و سەردانی لقی ٩٠١ی داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری مەشهەد، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی “وەکیل‌ئاباد”ی ئەو شارە کرا، دواتریش لە ١٤ی هەر ئەو مانگەدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو.
خەسرەو عەلیکوردی پێشتر لە بەشێکی دۆسیەکەیدا بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی درۆ”، لەلایەن لقی ٣ی دادگای تاوانەکان لە مەشهەد سزای پێبژاردنی بڕی ٢١ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپابوو.
شایانی باسە کە ئەم پارێزەرە لە ماوەی کارکردنی لە پیشەکەیدا ڕەوتی بەرگریکردن و پارێزەریی کۆمەڵێکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیانی لە ئەستۆ گرتووە.