فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سزای لەسێدارە دانی ٢ کەس لە زیندانی ناوەندی سنە
پێنجشەممە ۰۶-۰۵-۱۴۰۱   |  28-07-2022

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژ، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا بە ناوەکانی هیوا ئەحمەدی و پەیام یەزدانی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. هیوا ئەحمەدی خەڵکی گوندی بێساران و پەیام یەزدانی خەڵکی گوندی سەروماڵ سەر بە شاری سەوڵاوا، چەند ساڵ لەمەو پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی رژیمی کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.
ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە هاوڕێ لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ڕەحیمی تەمەن ٧٢ ساڵ و سوهەیلا عابیدی تەمەن ٣٣ ساڵ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە. سزای سێدارەی سوهەیلا عابیدی و عەبدوڵڵا ڕەحیمی ڕۆژی ڕابردوو بەکردەوە دەرهات.