فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سزای ٦٢ ساڵ زیندان بەسەر هەشت هاووڵاتی دا سەپێندرا
چوارشەممە ۲۰-۱۰-۱۴۰۲   |  10-01-2024

ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران، محەممەد حەسەن حاسڵی، عەزیم یادگاری، سەعدوڵڵا ئایینی، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە، هەشت هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی ئاودانان، دێهلوڕان و دەڕەشار لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە، سەرجەم سزای ٦٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران و محەممەد حەسەن حاسڵی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دەستبەسەرکرابوون، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام، هەرکام سزای ١٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. بەپێی سزاکەیان ئەو سێ کەسە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد دوور دەخرێنەوە.
هەروەها عەزیم یادگاری و سەعدوڵڵا ئایینی، دوو هاووڵاتی خەڵکی دێهلوڕان هەرکام سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینیش دوو هاووڵاتی دیکەی خەڵکی دێهلوڕان و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار هەرکامیان سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
شایەنی باسە کە ئەو هەشت هاووڵاتییە بێجگە لە وەحید چاوەران کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێران دەستبەسەرکرابوو، ساڵی پێشوو و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکرابوون و لە دەورەی دەستبەسەربوونیان لە چەند کاتدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسیان، مانیان لە خواردن گرتبوو.
وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حەسەن حاسڵی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون باقییان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکراون.