فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سیاسەتی فاشیستی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستانی
شەممە ۳۱-۰۶-۱۴۰۳   |  21-09-2024

لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دوای پەسندکرانی چەند گۆڕانکارییەک لە یاسای کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە “هاتن و مانەوەی کەسانی بیانی”، وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامی ئەرکدار کراوە تا لەماوەی یەک مانگ دوای لازێمۆلئیجرا بوونی ئەم یاسایە، بەرنگاری هەموو ئەو کەسە بیانییانە بێتەوە کە بە بێ مۆڵەتنامە لە ئێران ماونەتەوە و ئەوان ڕادەستی وڵاتانی دیکە بکات. لەم ڕووەوە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هەموو ناوەند و دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شارەکان هاتوونەتە مەیدان تا پەرنابەرانی بێ پەنای ئەفغانستانی کە لە دەستی ڕژیمی تاڵەبان و لەتاو هەژاری و بێکاری و برسیەتی وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، بە زەبری زۆر و سووکایەتی و لێدان دەستگیر بکەن و ڕادەستی حکوومەتی تاڵەبان لە ئەفغانستانیان بکەنەوە.

حکوومەتی ئیسلامی دەمێکە بە پەرەپێدانی تەبلیغاتی ڕەگەزپەرستانە و دژەئینسانی بەردەوام هەوڵ دەدات کەشوهەوای کۆمەڵگا لەدژی پەنابەری ئەفغانستانی ئاڵودە و ژاراوی بکات. کەمپەینی تەبلیغی و دژە پەنابەری، تۆمەت و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەندووە. ڕۆژنامەی “جمهوری ئیسلامی” (سەر بە باندی ئۆسولگەرایان و خامنەیی) هەفتەی ڕابردوو، داوای لە دەوڵەت کرد کە “وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و بە ئامانجی دابینکردنی ئەمنیەتی گیانی و ماڵیی خەڵک بەشێوەی زەربەتی بەر بە هاتنی کەسانی ئەفغانستانی بگرێت و لە ئێرانیش دەریان بکات. ئەو بەرپرس و ناوەندانەش کە ئەم ئەرکە بەباشی بەڕێوەنابەن سزا بدرێن و لەسەر کار لابردرێن”. هەفتەی ڕابردوو ئەحمەد ڕەزا ڕادان فەرماندەی هێزی ئینتزامی ڕایگەیاند کە هەتا کۆتایی ئەمساڵ دەبێ دوو ملیۆن ئەفغانستانی دەستگیر و لە ئێران دەربکرێن.

لە درێژەی ئەم ڕەفتارە دژەئینسانییانە بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستانی، چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئۆستانداری تاران ڕایگەیاند کە پەنابەرانی غەیری موجاز لەم ئۆستانە لە خزمەتگوزاریی شاری و غەیرەشاری بێبەری دەکرێن. بەرپرسانی ئۆستانەکانی دیکەش حزوور و دامەزراندن و جێگیرکردنی کەسانی ئەفغانستانییان قەدەغە ڕاگەیاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی پەنابەرانی ئۆستانداریی فارس هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند: ”هەرجۆرە ماڵ پێدان، دامەزراندنی پەنابەران و خوێندنی منداڵەکانیان لەم ئۆستانە قەدەغە و سەرپێچییە. گرووپی لێپرسینەوەی ئیدارەی گشتیی کەسانی بیانی و پەنابەرانیش ڕایگەیاند کە بۆ ئەو خاوەنکار و خاوەن ماڵ و مودیری مەدرەسانەی کە بۆ ئەم پەنابەرانە پیشە، ماڵ و ئیمکانی خوێندنی منداڵەکانیان فەراهەم دەکەن، پەروەندە دروست دەکرێت و بە دەزگای قەزایی دەناسێندرێن.” پەرەپێدانی هەڵسووکەوتی دژەئینسانی مەقامات و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دژبەم ئینسانە ستەمدیدانە تا ئاستێک بووە کە هێندێک لە ئۆستاندار و فەرماندارانی ڕژیمیش داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە پەنابەرانی ئەفغانستانی لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی مەحرووم بکەن. لە ئۆستانی کرمان دادستانی “بەردسیر” لەوپەڕی بێشەرمیدا تەنانەت فرۆشتنی نانی بە کۆچبەرانی ئەفغان لەلایەن نانەواییەکانەوە قەدەغە کردووە.

هەر لەم پێوەندەدا سەرپاسدار ئێسکەندەر مۆئمێنی وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی جەهادیی پزیشکیان خوازیاری خێراتر کردنەوەی ڕەوتی پڕهەزینەی دەیان هەزار دۆلاریی داخستنی سنوور لەگەڵ ئەفغانستان بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی ماڵیی قووڵ بەرەوڕوویە و کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی تری کۆمەڵگا ڕۆژانە بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان دێنە سەر شەقامەکان و دژبە بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی خۆیان دەست دەدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتی. بەڵام ڕژیمی وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی توانای وڵامدانەوەی بە داخوازییەکانیان نییە.

پەنابەرانی ئەفغانستانی کە دەیان ساڵە ئاوارە بوون و بەمجۆرە دەکەونە ژێر فشار و تەحقیرەوە، وڵاتەکەیان ئەفغانستان خاوەنی سەرچاوەی سروشتی زۆر دەوڵەمەند و بەنرخی ژێر زەوییە. سەرچاوە و مەعدەنەکانی وەک: لیتیۆم، ئۆرانیۆم، نەوت، گاز، بەردی خەڵووز، بەردی ئاسن، باریت(کە لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا بەکار دێت)، بەردی زێڕ، یاقوت، زمرد، لاجوەرد، مەعدەنی فلزی سەوز، مەعدەنی سەنعەتی بنەفش، مەعدەنی ئاڵمینیۆم. بەداخەوە ئەم وڵاتە لەماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا بووەتە مەیدانی دەخاڵەت و هێرشی دەوڵەتانی سەرمایەداریی جیهانی و ناوچەیی بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکانی. لە لەشکرکێشی و داگیرکردنی لەلایەن ڕووسیەوە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠وە بگرە تا دەخاڵەتی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری و داگیرکاری لەڕێگەی پێکهێنانی “لۆیی جرگە” و یارمەتیدان لە پێکهێنانی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و هاتنە سەرکاری تاڵەبان لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠، و گەڕانەوەی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، چەند نموونەیەکی بەرچاو لەم دەخاڵەتانە بوون.

لەماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا خەڵکی ستەملێکراوی ئەفغانستان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە چنگ شەڕ و جەنایاتێک کە دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بەسەریان هێناون، پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە لەوانە ئێران بردووە. بەڵام چارەنووسی ئەوان لەم وڵاتانە بێجگەلە سووکایەتی و بێڕێزی پێکردن و چەوساندنەوە شتێکی تر نەبووە. لە زۆر حاڵەتدا خاوەنکاران بە بەئاگاداربوون لەوەیکە کرێکارانی ئەفغان ئیجازەی ئیقامەتیان نییە و لە ترسی دەرکران ئیعتڕاز ناکەن، حەقدەستی یەکجار کەمیان پێداون.

کۆماری ئیسلامی هەتا چەند ساڵ لەمەوبەر بە فریو و سووئیستفادە لە لاوان و تەنانەت منداڵانی ئەفغانستانی، بە بەڵێنی پێدانی حەقی ئیقامەت، ئەوانی لەپێناوی ئامانجی شەڕخوازانەی خۆی لە گوردانەکانی لەشکری “فاتمیون”دا سازمان دەدا و لەژێرناوی کۆنەپەرستانەی “دیفاع لە حەرەم” ئەوان ڕەوانەی سووریە دەکرد. بەداخەوە زۆرێک لەوان لە شەڕ دژبە داعش و باقیی گرووپە چەکدارەکان لە سووریە بوونە گۆشتی بەردەم تۆپ. ئەم ڕژیمە دژەئینسانە لەئێستادا ئەوانەی کە زیندووش ماونەتەوە، لە ئێران دەردەکات. کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی پرەنسیپی سیاسی و مافی مرۆڤ، ژنان و پیاوانی پەنابەری سیاسی و ئەندامانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تاڵەبان، ڕۆژنامەوانان، چالاکانی مەدەنی و سینفیی ئەفغانستانیشی دەرکردووە و گیانیانی خستووەتە مەترسییەوە. بەپێی سەرچاوە سەربەخۆکانی ئەفغان، بەداخەوە ژمارەیەکیان لە دوای دەرکران لە ئێران، لەلایەن ڕژیمی جەنایەتکاری تاڵەبانەوە دەستگیر، زیندانی و ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدام کراون.

بەڵام کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری و وەرشکستەیی ماڵی بەرەوڕوویە، هەوڵ دەدات بە وەڕێخستنی کەمپەینی تەبلیغی، حزووری پەنابەرانی ئەفغانستانی بەهۆکاری بێکاری، گرانی، نائەمنی، گەندەڵی و دزی، پیسبوونی ژینگە و قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی پێناسە بکات. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەوە نەک پەنابەرانی ئەفغانستانی، بەڵکوو ڕژیمی گەندەڵ و ئیفلاس هێناوی کۆماری ئیسلامییە کە بە گرتنەبەری سیاسەتی دژەئینسانی لە ناوەوە و لە ئاستی ناوچەکە ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی لە ئێران خستووەتە مەترسییەوە. پەرەپێدانی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ڕاستیدا نیشانەی ترس و وەحشەتی ڕژیمە لە حزوور و وجوودیان لە بارودۆخی قەیراناوی و شۆڕشگێڕانەی ئێستادا. بارودۆخێک کە تێیدا بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بڕیاریان داوە کە کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەم دەەسەڵاتە گەندەڵە بێنن.