فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە خزمەت پەرەپێدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
یەکشەممە ۳۰-۰۷-۱۴۰۲   |  22-10-2023

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی مانگی ڕەزبەر لە یازدەهەمین ڕۆژی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و گرووپی کۆنەپەرستی حەماس، عەلی خامنەیی بەبیانووی دیدار لەگەڵ ژمارەیەک بەناو “نوخبەکان”، بۆ جارێکی دیکە دیفاعی لەو جەنایەتانە کرد کە حەماس و جەهادی ئیسلامی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر لە هێرشیان بۆسەر دانیشتووانی شارۆچکە یەهوودینشینەکان ئەنجامیان دا. ئەو وتی: ”ناڕەزایەتی بەرپرسانی هێندێک لە وڵاتان بەرانبەر بەرپرسانی ئێمە ئەوە بووە کە بۆچی فەلەستینییەکان، کەسانی مەدەنییان کوشتووە؟ ئەم قسەیە خەلافی واقعە. چونکە دانیشتووانی شاروچکەکان کەسانی سیڤیل نین و هەر هەموویان چەکدارن. جەنایاتی ڕژیمی سەهیۆنیستی جینۆسایدێکی ئاشکرایە و ئەمریکا لەم بابەتەدا بەرپرسە”. بێگومان وتەکانی خامنەیی پاساوکردنی کوشتاری ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانی ئیسرائیلە بەدەستی هێزەکانی حەماس و جەهادی ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشە “کردەوەی خۆڕسکی نەتەوەی فەلەستین لەڕێگەی هێرشی تۆفانی ئەقسا”وە ناولێدەنێ. هەتا ئێستا لە جەریانی جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس لە خەڵکی غەزە گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە ١٥٠٠٠ هەزار کەس بریندار و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون. ئەمە بەهایەکە کە حەماس بۆ چوونەدەر لە بنبەستێک کە تێیکەوتبوو و لەڕاستای دابینکردنی پێویستیی کۆماری ئیسلامی بە شەڕ لە ئسیرائیل، لە خوێنی خەڵکی غەزە بەخشیویەتی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و ناوچەکە لەو قەیرانە ئابووری و سیاسییانەی کە بەدەستیانەوە گرفتارە، بەردەوام بانگەشەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دەکات.

بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نەیتوانیوە بێجگەلە تەبلیغ و ئاژیتاسیۆن هیچ کردەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر غەزە، ئەنجام بدات. خامنەیی لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو یەک ڕۆژ بەرلە سەفەری جۆو بایدێن بۆ ئیسرائیل، وەک هەڕەشەی پەرەستاندنی شەڕ وتی: ”بۆمبارانەکان دەبێ دەستبەجێ ڕابگیرێن ئەگەر ئیدامەیان بێ مسوڵمانان تووڕەن و تاقەتیان تەواو دەبێ. هێزەکانی موقاومەت تەحەمولیان نامێنێت و کەس ناتوانێ بەریان پێ بگرێت”.

بەدوای خامنەییدا باقیی بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامیش ئەم تەبلیغات و هەڕەشە بێبنەمایانەیان دووپات کردەوە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی مانگی ڕەزبەر ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ وێڕای پشتوانیکردن لە حەماس وتی: ”من بە ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێم کە میللەتی مسوڵمان و ئومەتی ئیسلامی بۆ حزوور و دیفاع لە فەلەستین ئامادەیی تەواویان هەیە و ئومەتی ئیسلامی تۆڵەیەکی سەخت لە هەمووتان دەکاتەوە”. هەمان ڕۆژ سەرپاسدار موحسین ڕەزایی ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام وتی: ”لە ئەگەری ڕانەوەستانی شەڕدا ڕووداوی تازە لە ناوچەکەدا شکڵ دەگرێت و لەوانەیە وڵاتانی مسوڵمان سنووری خۆیان بەرەوڕووی لاوانی ئینقلابی بۆ شەڕکردن بەرانبەر ئیسرائیل بکەنەوە و شەڕ بۆ سەرانسەری ناوچەکە پەرەبستێنێت”. لە درێژەی ئەم تەبلیغاتەدا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ڕژیمیش دوای دیدار لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا لە لۆبنان و ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس لە قەتەر، ڕۆژی شەممە ٢٢ی مانگی ڕەزبەر وێڕای دانپێدانان بە تەڵەفاتی شەڕ و بەشدارنەبوونی خەڵکی وڵاتانی مسوڵمان لەم شەڕە وتی: ”ئاستی جەنایاتی جەنگیی سەهیۆنیستەکان دژبە خەڵکی غەزە لەسەرێیە. پێویستە مسوڵمانان و موئمنان لەپەنا خەڵکی مەزلوومی فەلەستین بن. ئێمە بۆ ڕاوەستانی شەڕ پێشیناری کۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامیمان باس کردووە. ئەگەر شەڕ پەرەبستێنێ ئەمریکا زەرەر و خەساری گەورەی بەردەکەوێ. ئەگەر شەڕ ڕانەوەستێ دەستی هەموو گرووپەکانی ناوچەکە لەسەر ماشە دەبێت”.

سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، چەند کاتژمێر دوای وتەکانی خامنەیی و ڕەئیسی، جەنایەتێکی جەنگیی دیکە ڕوویدا. نەخۆشخانەی “المعمدانی” لە غەزە هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە ٤٧١ کەس لە خەڵکی ستەمدیدەی غەزە گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی تریش بریندار بوون. ئەم کارەساتە دژەئینسانییە بەجۆرێک تووڕەیی و نەفرەتی بیروڕای گشتیی لەئاستی جیهاندا لێکەوتەوە کە هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕ بەرپرسایەتییان وەئەستۆ نەگرت و هەر کام ئەوی تری تۆمەتبار کرد. هەڵبەت هەر دوو بەرەی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیە، واتە هەم ڕەوتە ئیسلامییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی و هەم ڕژیمی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە ڕابردوودا زەرفیەتی ئەنجامدانی ئەم جەنایەتانەیان لەخۆیان نیشانداوە. دەربڕینی تووڕەیی و مەحکوومکردنی ئەم جەنایەتە لەلایەن بیروڕای گشتییەوە، نە وڵام بە پەیامەکانی خامنەیی و ڕێبەرانی جەنایەتکاری حەماس و جەهادی ئیسلامی ڕوو بە “ئومەتی ئیسلامی” بووە و نە بە مانای پشتیوانی کردن لە لایەنێک دژبە لایەنەکەی دیکەیە. هەر دوو بەرەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەیە لەلایەن ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخواز و پێشڕەوی جیهانەوە، بە تاوانبار دێنە هەژمار.

ئەگەرچی گرووپی تیرۆریستیی حەماس و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی غافڵگیرانەی حەوتی ئۆکتۆبر بە سەرکەوتن بۆ خۆیان هەڵدەسەنگێنن، بەڵام ئاشکرایە کە کۆنتڕۆڵکردن و کۆتاییهێنان بەم شەڕە لەدەست ئەواندا نییە. لەحاڵێکدا کە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بانگەشەی ئەم شەڕە و داگیرکردنی غەزە تا نابوودیی حەماس دەکات، پشتیوانیی بێشەرمانەی دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە دەوڵەتی ئیسرائیل، دژایەتیی ئەوان لەگەڵ ئاگربەست لەلایەکەوە و هەڕەشە و جموجۆڵی کۆماری ئیسلامی و گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی وەک حەماس، جەهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و هیتر لەلایەکی دیکەوە، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕیان لە ناوچەکە کردووەتە بابەتێکی موحتەمل. ئەگەرچی لەوانەیە دەوڵەتی ئەمریکا و ناتۆ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە لە ئۆکراین دژبە ڕووسیە لە شەڕ دان، داگیرساندنی شەڕێکی بەرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕاستای بەرژەوەندی خۆیاندا نەزانن. بەڵام سەفەری جۆو بایدێن یەک ڕۆژ دوای کوشتاری نەخۆشخانەی “المعمدانی” بۆ ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی ئەوەیکە “هاتووم تا دنیا بزانێ کە ئەمریکا لە کام بەرەی ئەم شەڕەیە” بەکردەوە لە خزمەت پەرەستاندنی ئەم شەڕەدایە. لەو نێوەدا دەوڵەتی ڕووسیە پەرەستاندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەم بوونەوەی سەرنجی ناتۆ لەئاست شەڕی ئۆکراین لەڕاستای بەرژوەندی خۆی دەزانێت. لە حاڵێکدا کە نەتانیاهۆ نەخشەی داگیرکردنی غەزە و نابوودیی حەماسی لەسەردایە، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەکردەوە لە خزمەت پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

ئەگەرچی لە دژایەتی لەگەڵ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و بۆ کۆتاییهێنانی ئیعتڕازاتێک کە وڵاتانی ئورووپایی و لە وڵاتانی عەرەبی لەئارادایە، بەڵام بۆ گەشەی بزووتنەوەی دژەشەڕ پێویستە چالاکیی بەرینتر بکەوێتە دەستوورەوە. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگایەکیان لەبەر نییە بێجگەلە ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو تەقویەتی هاوسەنگی هێز لە خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان. تەنها ئاخێزی یەکپارچەی جەماوەری دەتوانێ بەرەنگاری هێژمۆنیی نیزامیی ئیسرائیل بێتەوە و بە حمایەت و تەقویەتی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دەکرێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. بە هێزی خەباتی جەماوەری و بە هێزی یەکگرتن و هاوپشتییە کە دەکرێ ئاوات و هیواکانی نەتەوەی فەلەستین بۆ وەدیهاتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەر زیندوو ڕابگیرێت.