فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سێناریۆی ڕسوای دەوڵەت و میدیا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لەدژی مامۆستایان
شەممە ۳۱-۰۲-۱۴۰۱   |  21-05-2022

مانگی بەفرانباری ١٣٩٧، بەدوای ئازادیی ئیسماعیل بەخشی لە ئەشکەنجەگای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بڵاوبوونەوەی نامەی دادخوازیی ناوبراو کە ڕەنگدانەوەیەکی بەرینی لە کۆمەڵگەی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو، کەناڵی دووی سیمای بێ ئابڕووی ڕێژیم پەردەیەکی دیکەی لەم سێناریۆ بێشەرمانەیە نیشان دا. ئەم کەناڵەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی دەستبەسەرکردن و زیندان و ئەشکەنجە کردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی حەوت تەپە و فوولادی ئەهواز، لەژێرناوی “تەراحیی سووختە” فیلمێکی لە ئیعترافاتی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان نیشان دا کە لەڕاستیدا ئاکامی ئەشکەنجە و نومایشی ڕسوای سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. دەزگای پڕوپاگەندە و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەم فیلمەدا هەوڵیان دا تا مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی حەوت تەپە و چالاکییەکانی ئیسماعیل بەخشی، سپیدە قولیان و عەسەل محەممەدی و سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید بە تۆڕی تەلەڤیزیۆنی بێگانە  و حیزب و گرووپەکانی “دەرەوەی وڵات” نیسبەت بدەن.

ئامانجی سەرەکیی سەرانی ڕێژیم لەم سێناریۆ بێشەرمانەیە، چاوترسێنکردنی ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بوو. دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ئیعتراف وەرگرتن و نشاندانی ئاکامی ئەشکەنجە و بایەخ نەدان بە پشتیوانیی بیروڕای گشتیی و نێونەتەوەیی لە قوربانییانی ئەم سێناریۆیە، سیاسەتێکی ئاگاهانە بوو کە لەلایەن کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و لە باڵاترین ئاستی ڕێژیمدا بڕیاری لەسەر درابوو. بەڵام هەر ئەو باروودۆخ و هاوسەنگی هێزەی کە دوای بڵاوبوونەوەی نامەی دادخوازیی ئیسماعیل بەخشی، سەرانی ڕێژیمی ناچار کردبوو یەک لە دوای یەک دەست بدەنە درۆ و حاشالێکردن و پاساوکردنی کردنی تاوانی ئەشکەنجە، هەمان باروودۆخ نەخشەکانیانی ئاشکرا کرد و سەرانی ڕێژیمی لە ڕابردوو ڕسواتر کرد.

ئێستا لە باروودۆخێکدا کە ڕێژیمی ئیسلامی لەژێر گوشاری شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و شەپۆلی ئاخێزی بێبەشانی شار دژبە گرانیی سەرسووڕهێنەر دایە، سەرانی ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە پەنایان بردووە بۆ ئەم سێناریۆ قیزەونە تا ناڕەزایەیی ڕەوای مامۆستایان بە پیلانی دەزگاکانی سیخوڕیی ڕۆژاوا پێناسە بکەن و چالاکان و ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانە چاوترسێن بکەن. بەڵام ئەم سێناریۆیەش داغێکی ڕسوایی دیکەی لە ناوچاوانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران دا. ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠١دا سەبارەت بە سێناریۆسازیی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی سەربە ڕێژیم بڵاوی کردەوە، ماهییەتی ئامانجەکانی ڕێژیمی لەم سێناریۆیە ئاشکرا کرد. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:

“سەدا و سیما و چەند میدیایەکی ئەمنییەتیی شناسنامەدار، لە ڕاپۆرتێکی تەواوەن گاڵتەجاڕانەدا، باس لە دیداری چەند ئەندامێکی باڵا و خۆشناوی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لەگەڵ ژن و شوویەکی فەڕانسەوی دەکەن. ئەم فیلمە بەتەمایە ناڕەزایەتیی مامۆستایان، پیلانگێریی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژاوا پێناسە بکات و لەم ڕێگەوە دەنگی ئەو مامۆستایانە کپ بکات کە یەکێک لە درەوشاوەترین حەرەکەتە مەدەنییەکانی دوو دەیەی ڕابردوویان خوڵقاندووە. غافڵ لەوەیکە کەس گوێ ناداتە ئەم سێناریۆ بێنرخانە و تەنیا بەرهەمهێنەرانی زیاتر ئابڕوویان دەچێت.

ئەگەرچی بۆ خەڵکی وشیاری کۆمەڵگە، هەر ئەوەندە بەسە کە ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی ناوەندی هەواڵی هەشت و سی دەقیقە و میدیا مەعلوومولحاڵەکانی وەک کەیهانە و پێویست بەوە ناکات باس لە گاڵتەجاڕبوونی ئەم سێناریۆسازییە و ئامانجی واتە فریودانی بیروڕای گشتی بکەین، بەڵام بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەم بارەوە ڕوونکردنەوەیەک بدەین: خانمی سیسیک کۆهلەر مامۆستا و ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی فەڕانسەیە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەرپرسی پەیوەندی نێونەتەوەیی فیدراسیۆنی نەتەوەیی فەرهەنگ و فێرکاریی پیشەییە کە گەورەترین فیدراسیۆنی مامۆستایانی فەڕانسەیە. ژاک پاریسیش مامۆستایە بەڵام بەقەد کۆهلەر چالاکییەکانی بەرچاو نییە. خانمی سیسیک لە بواری چالاکیی سەندیکایییەوە کەسێکی سەرشناسە و وتووێژ و بابەتە جۆراوجۆرەکانی لە میدیا نێونەوەییەکاندا، ڕوانگەی ناوبرو نیشان دەدات.

لەلایەکی دیکەوە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان، تەقریبەن لە ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە، ئەندامی EI بووە و بەشێوەی شەفاف و عەلەنی لەگەڵ ناوەندە نێونەتەوەییەکان کە کۆمەڵێک یەکیەتیی مامۆستایانن لە سەرتاسەری جیهان، پەیوەندیی هەیە. یەکێکی تر لە گرینگترین ئەرکەکانی ئەم ناوەندە، بەدواداچوونی چاکسازی لەبواری پەروەردە و ڕوانینی باروودۆخی پەروەردە و بارهێنانی وڵاتانی ترە بەتایبەت وەزعییەتی مامۆستایانی ئەو وڵاتانە. ئێستا ئەوە چۆنە کە ئەم کەسایەتییە کە ئەندامی ناوەندێکی نێونەتەوەییە و بە ناو و نیشانەوە دێتە ئێران و لە چوارچێوەی کاری خۆیدا چالاکی دەکات بە سیخوڕ پێناسە دەکرێت!؟ ڕەنگبێ ئەوە ڕازێک بێت تەنیا ئامادەکارانی لێهاتووی بەرنامە ئەمنییەتییەکانی سەدا و سیما و میدیاکانی سەر بەوان لێی تێ بگەن!

لەو وێنەیەدا کە بڵاوکراوەتەوە ڕەسووڵ بۆداقی، ئەسکەندەر لۆتفی، مەسعوود نیکخاه و شەعبان موحەممەدی لە پەنا ئەم دوو مامۆستا فەڕانسەوییەوە دەبیندرێن. بە شایەدیی هەموو چالاکانی سیفیی ئێران، ئەم مامۆستایانە خۆشناوترین و وەتەن پەرستترین چالاکانی سینفیی مامۆستایانن و بە هیچ شێوەیەک تۆمەتەکانی ناو ئەم فیلمە ئەو ئازیزانە ناگرێتەوە. کەمترین بەڵگە لەم پێوەندەدا ژیانی مامۆستایی ئەوانە کە لەپەنا مامۆستایەتی و چالاکیی سینفی، یەکیان شۆفیری ئێسنەپە و ئەوی تر کەشاوەرزە و ئەوانی تریش بە بێ کاری دووهەم ڕۆژیان ناگاتە شەو! ئەوان بەپێچەوانە سیخوڕانی واقعی نە ماڵ و ویلایەکیان لە لەندەن هەیە و نە حیسابی پەسەندازیان لە سویس هەیە و نە منداڵ یان منداڵەکانیان  لە ئەمریکا و کانەدا و شوێنەکانی ترن. بەڵێ ئەوان مامۆستایانێکی گەچ بەدەستن کە وەک هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە لەژێر فشاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئیدێئۆلۆژیک و بەتایبەت ئابووری دان و تۆمەتی گاڵتەجاڕانەی سیخوڕی، بە هیچ شێوەیەک پێیانەوە ناچەسبێت.”

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێراندا هاتووە: “ئاگادارتان دەکەینەوە و پێتان دڵێن کە بەمجۆرە بەرنامانە لەوە زیاتر ئابڕووی خۆتان مەبەن. چونکە حەرەکەتی مامۆستایان بە خواستی مەعیشەتی و مەنزەلەتییەوە کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە پڕ جموجۆڵ و زیندوو و واقعی بووە، بەم بەرنامە دزێو و ناحەزانە نەتەنیا دانامرکێت بەڵکوو ئاگری تووڕەییان زیاتر دەگەشێتەوە.”