لەشکرکێشیی حکوومەتی ئیسلامی بە تانک و چەکی نیوە قورس بۆسەر مەهاباد، جوانڕۆ، پیرانشار، بۆکان و کامیاران لەماوەی هەفتەی ڕابردوو پاش سوخەنڕانییەکی تووڕەی خامنەیی ڕوویدا کە وتبووی “ئاژاوەی ئەشرار دەبێ کۆبکرێتەوە”. هەڵبەت پێش ئەویش وتەبێژی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ، کوشتار و ڕشتنی خوێنی خەڵکی وەک ئاوی خواردنەوە وەسف کردبوو و وتبووی ” ئەگەر خامنەیی ئیجازە بدات گولـلەی جەنگی بە کار بێنین، بە تەق و تۆق واتە بە کوشتار، جۆرێک خەڵک دەترسێینن کە نەوێرن لە ماڵ بێنە دەر”. دیارە لە دەسەڵاتێکی جەنایەتکار کە زیاتر لە چوار دەیەیە بێجگەلە کوشتن و سەرکوت ڕێکارێکی دیکەی بۆ درێژەی دەسەڵات و وڵامدانەوە بە ناڕەزایەتیی و داخوازیی خەڵک نەگرتووەتە بەر، زیاتر لەوە چاوەڕوان ناکرێت. هەر بۆیە جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری و برسییەتی و زەبروزەنگ و نەبوونی ئازادی، ئەمجارەیان لێبڕاوانە بڕیاریان داوە کە ئەم ڕێژیمە دز و گەندەڵە بڕووخێنن. هەوڵ و بەرنامەڕێژیی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتی ئەم بزووتنەوە مەزنە کە دوو مانگ و نیوە لە ئارا دایە و ڕێژیمی داماو و زەبوون کردووە ئەوەیە کە لە دەرەجەی ئەوەڵدا خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان لە بزووتنەوەی سەرانسەری جیا بکاتەوە. تا بە کوشتار و سەرکوتی خوێناوی و وەحشیانەی خەڵک لەم ناوچانە زەمینە بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە باقیی شوێنەکانی تری ئێران فەراهەم بکات. نەخشە و پیلانی ڕێژیم پێویستە بە وشیاریی هەموو خەڵک لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان و سەرانسەری ئێران پووچەڵ بکرێتەوە.
واقعییەت ئەوەیە کە دوای ڕێوڕەسمی چلەمین ڕۆژی گیان بەختکردنی ژینا ئەمینی لە سەقز کە حەرەکەتێکی جەماوەری بوو، ڕێوڕەسمی چلەمین ڕۆژی گیان بەختکردووان و ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی گیان بەختکردووان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە، کامیاران، پیرانشار، جوانڕۆ و باقیی شارەکانی کوردستان، دیمەنگەلێکی لە بزووتنەوەی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە و لە بوێریی و گیانفیدایی بەرامبەر بە پەلاماری هێزی پڕچەککراوی ڕێژیمی ئیسلامی نیشان دا کە دەرخەری دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژبە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بوو. دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری کردن لە تەشەنەسەندنی بۆ باقیی شوێنەکانی ئێران، بە لەشکرکێشی بۆسەر مەهاباد و جوانڕۆ و باقیی شارەکان و کوشتاری وەحشیانەی خەڵک و مووشەک بارانی هاوکاتی ئۆردووگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق، بە درۆی “هاتنی چەک لەوێوە بۆ ناوخۆ” و بە بیانووی “جیاییخوازی”، دەستی کرد بە پیلانگێڕی و تەفرەقەنانەوە و جیاکردنەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە خەباتی سەرانسەری. واتە خەباتێک کە زیاتر لە حەفتا ڕۆژ بە هاوپشتیی و هاوڕێیەتیی خەڵکی سەرانسەری ئێران دژبە کۆماری ئیسلامی لەئارادایە و ڕێژیمی زەلیل و زەبوون کردووە.
لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕێژیم بە ناردنی هێزی تایبەتی سپای پاسداران و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراوی بەرقەرار کردووە و شارەکانی کوردستانی کردووەتە مەیدانی شەڕێکی بەتەواو مانا. جەماوەری تووڕەی خەڵکی خەباتکاری مەهاباد بە دەستی بەتاڵەوە لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامیدا سەنگەربەندییان کرد و لەخۆیان بەرگرییان کرد. لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم کوژراون و سەدان کەس برینداربوون و سەدانی تریش لە هێرشی وەحشیانەی شەوانە بۆسەر ماڵ و شوێنی کاری خەڵک دەستگیر کراون و ئەشکەنجە دراون و بەهۆیەوە ژمارەکیشیان بەداخەوە گیانیان بەخت کردووە. بەڵام هێرشی نیزامیی ڕێژیمی دڕندە و پڕچەک، نەتەنیا لە مەهاباد و جوانڕۆ، بەڵکوو لە هەموو شارەکانی کوردستان لەگەڵ خۆڕاگریی بوێرانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار ڕووبەڕوو بووەتەوە. بەپێچەوانەی هەڕەشە و ڕێگریی دەزگای ئەمنییەتی و سەرکوتگەری ڕێژیم، ناڕەزایەتییەکان لە هەموو شارەکانی کوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر لە مانگرتنی زانکۆ و مەدرەسە، بازاڕ و باقیی ناوەندەکانی دیکەوە بگرە تا ناڕەزایەتیی مەیدانیی شەو و ڕۆژی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیان بەختکردووان لەئاستی هەزاران کەسی، کە تێیدا بە دروشمی بەهێز خوازیاری ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی بوون، درێژەی بووە.
ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتییانە نیشانی دا کە ڕێژیم بە ئامانجی خۆی واتە وەڕێخستنی شەڕ و سەرکوتی خوێناوی لە کوردستان و درووستکردنی تەفرەقە بۆ تێکشاندنی بزووتنەوەی سەرانسەری لە ئێران نەگەیشتووە. هەڵسووڕاوان و ڕێبەران و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆ، بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی و تەفرەقەنانەوەی حکوومەتی ئیسلامی لەناو خەڵک بە وشیاری و وریاییەوە ڕۆڵیان بینیوە. بە درێژەدانی ناڕەزایەتی و بە وتنەوەی دروشمی وەک “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “کورد بەلوچ ئازەری، ئازادی و بەرابەری” و دروشمی تر، هاوپشتیی خەباتکارانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانیان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری نیشان داوە. چونکە دەزانن ڕەمزی سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردستان لە بەهێزکردن و درێژەی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری لە ئێران دایە. لەلایەکی دیکەوە هەڵسووڕاوانی پێشڕەو و خەڵکی وشیار لەئاستی سەرانسەریشدا هەتا ئێستا زۆر جار لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا بە دروشمی “کوردستان، چاو و چرای ئێران”، “لە کوردستانەوە تا تاران خوێناوییە هەموو ئێران” و گەلێک دروشمی تر، پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی خەڵکی کوردستان دەربڕیوە و بە ڕێژیمی ئیسلامییان نیشان داوە کە ناتوانێ پیلانی جەنایەتکارانەی خۆی بۆ تەفرەقەنانەوە لەناو خەڵک بەکردەوە دەربێنێت.
ئەمانە هەموو نیشانەی ئەوەن کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان نەتەنیا چاوترسێن نەبووە، بەڵکوو نیسبەت بە ئاستی بزووتنەوەی سەرانسەری بەرەوپێش چووە. لەڕاستیدا خەڵکی خەباتکار و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستان بە وشیاری و بە بوێری و گیانفیداییەکی بێوێنەوە سیاسەتی ئاژاوە و دووبەرەکینانەوەی ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییان پووچەڵ کردەوە. ئێستا لازم و زەروورییە کە خەڵک لە سەرانسەری ئێران دژبە میلیتاریزم، کوشتار و زاڵکردنی فەزای جەنگی بەسەر کوردستان لەئاستی بەریندا بڕژێنە سەر شەقام. بە مانگرتنی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، مانگرتن و ناڕەزایەتی لە زانکۆ و مەدرەسە و بازاڕ و ئیدارات، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ کوردستان بە ڕێژیمی هاری ئیسلامی نیشان بدەن. بەمجۆرە دەکرێت بەر بە لەشکرکێشی و سەرکوتی ڕێژیم نەتەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە باقی شوێنەکانی تری ئێران بگیرێت و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم وەک تەنیا ئامرازی درێژەی دەسەڵاتەکەی، ئیفلیج و زەمینگیر بێت. هێزی ماددی و ڕێکخراوی دەزگای سەرکوتی ڕێژیم پێویستە بە هێزی ماددی و ڕێکخراوی جەماوەر تێکبشکێت. تا درووستبوونی وەها هاوسەنگییەکی هێز، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە کوردستان پێویستە هاوئاهەنگ و هاوهەنگاو لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری بەرەوپێش بچێت و ڕێگە نەدات حکوومەتی ئیسلامی بە پیلانگێڕی و دووبەرەکینانەوە شەڕی پێشوەخت بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت. درێژە و قووڵبوونەوە و جەماوەریتر کردنەوە و پێشڕەویی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و پووچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە گرەوی هاوئاهەنگی و هاوهەنگاوی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری ئێراندایە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران