زیاتر لە هەزار کرێکاری شیرکەتی سامسۆنگ لە نزیک ناوچەی “چنای” هێند کە بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ، دەستیان لەکار کێشابووەوە و مانیان گرتبوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، بۆ یەکەمجار لە نێوان شیرکەتی سامسۆنگ و یەکێتیی کرێکارانی سامسۆنگی هێند “SIWU” کە ٨٥ لەسەدی کرێکارانی ئەم شیرکەتە پێک دێنێت، دانووستان کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شیرکەتی سامسۆنگ هەتا ئێستا خۆی لە بەڕەسمییەتی ناسینی یەکێتیی کرێکاری “SIWU” دەبوارد و لە وتووێژ کردن لەگەڵ ئەم یەکێتییە دووری دەگرت. جێگای ئاماژەیە،”SIWU” بەشێک لە فێدراسیۆنی یەکێتییە کرێکارییەکانی کمۆنیستی “CITU” لە هێندە. ڕۆژی سێشەممە سامسۆنگ و SIWU لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئەم شیرکەتە بە شێوەی نووسراوە وەڵامی هەموو خواستەکانی کرێکاران بداتەوە و کرێکارانی مانگرتوو سزا نەدرێن. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەتا بەرلە ڕۆژی سێشەممە، بە سەدان کەس لە ئەندامان و ڕێبەرانی ئەم یەکێتییە کرێکارییە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون. شایانی باسە، کرێکارانی ناڕازی وێڕای خواستی بەڕەسمییەت ناسینی یەکێتیی SIWU لە لایەن شیرکەتی سامسۆنگ، خوازیاری باشتربوونی بارودۆخی کاریان و زیادکردنی حقدەستەکانیان بوون.