حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “سەگریک” سەر بە چالدێران، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “بەغی” لە دادگایەکی چەند خولەکیدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەروەندەی ناوبراو لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕەوانەی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی کراوە. شایانی باسە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا و تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە. حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلوو کە ٥٤٠ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە، ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژی ئەم ماوەیە لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی بووە و لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی لەوانە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنیا دوو جار پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی توند ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی بووە کە بەشداری لە چالاکییەکی چەکداری دژی هێزەکانی پاسەوانی کۆماری ئیسلامیی کردووە و لانی کەم ٨ کەس لەم هێزانە کوژراون. حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی پارەکە لە سنووری چالدێران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە چاڵدران گواسترا بوویوە. ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندی ٢ی زیندانی ناوەندیی ئەمشارە ڕاگوێزرابوو و تا ئێستا هەر لەوێدا ڕاگیراوە.