بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “هەتاو ئەکرەمی”، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ و دانیشتووی شاری بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەمشارە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت” حوکمی هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە، حوکمی ناوبراو لە لایەن دادگاوە بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان وێڕای دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو حوکمەی کە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانەوە دەرچووە، دۆسەیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای شۆڕشی ورمێ کراوە. جێگای ئاماژەیە، هەتاو ئەکرەمی ئامۆزای مێهران ئەکرەمی لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی”، لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ و لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی ئینگیجەی سەر بە شاری بۆکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی شەش ملیاردی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد کرابوو.