بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە دواییانەدا لقی یەکی دادگای ڕژیم لە ئیسفەهان، هەر یەک لە “نگین خادێمی” تەمەن ٣٤ ساڵ، “شانا شەوقی فەر” تەمەن ٢٧ ساڵ، “یەگانە ئاگاهی” تەمەن ٣١ ساڵ، “پەرەستوو حەکیم” تەمەن ٤٧ ساڵ، “موژگان شاهڕەزایی” تەمەن ٣٢ ساڵ، “یەگانە ڕووح بەخش” تەمەن ١٩ ساڵ، “ئارەزوو سوبحانیان” تەمەن ٤٨ ساڵ و “نێدا بەدەخش” تەمەن ٦٠ ساڵ بە ١٠ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٠٠ ملیۆن تمەن مەحکووم کراون و هەروەها “بەهارە لوتفی” تەمەن ٢٧ ساڵ و “نێدا عێمادی” تەمەن ٤٢ ساڵ هەر یەک بە ٥ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ٥٠ ملیۆن تمەن مەحکووم کراون.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، ئەم حوکمە بە هۆی ئەمنییەتیبوونی دادنامە، ڕاستەوخۆ بە هەر یەک لەم هاووڵاتییە بەهاییانە ڕاگەیەندراوە و وەکوو سزای تەواوکەریش، هەر یەک لەم ١٠ کەسە بە سزای قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کراون. شایانی باسە، هەر یەک لەم دە هاووڵاتییە بەهاییە ڕووبەڕووی دوو تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکومەت” و “چالاکی تەبلیغی و پەروەردەیی پێچەوانەی شەرعی ئیسلام” بوونەتەوە. هەروەها نموونەی تۆمەتەکانی وەک بەڕێوەبردنی پۆلی زمان، یۆگا، گەشتیاری، مۆسیقا، نیگارکێشی و فێربوونی زمان بۆ منداڵان خراوەتە ڕوو. جێگای ئاماژەیە، ئەم هاووڵاتییانە ڕۆژی ١ی خەزەڵوەری پارەکە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و هەر یەک لەمانە بە شێوەیەکی جیا لە ماوەی دوو مانگدا، بە دانانی بارمتە تا کاتی کۆتایی هاتنی دادگاییەکەیان لە زیندان ئازاد کرابوون.