ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە سەپاندنی سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ زیندان بەسەر “گوڵاڵە وەتەندووست”، لە پارێزەرانی پلە یەکی دادگوستەری شاری مەریوان، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەت گەلی وەکوو “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت”، “کردەوە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی” و “ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکان” دەکەن.
شایانی باسە، دانیشتنی دادگای ناوبراو کۆتایییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و دۆسیەکەی بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان ڕەوانەکراوە. جێگای ئاماژەیە، گوڵاڵە وەتەندووست ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری پارەکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هەروەها پێویستە بوترێ کە گوڵاڵە وەتەندووست لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگکراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.