بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕابردوودا “واران محەممەدنژاد” ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی نۆژین و کارناسیی باڵای بواری هونەر لە زانکۆی یەزد، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە، سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێشتریش سێ ئەندامی دیکەی بنەماڵەی ئەو خوێندکارە بە ناوەکانی “پەیام میری، سەحەر وەهابی و ویدا محەممەدنژاد”، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەری پارەکە، لە کاتی بەدواداچوون لەسەر چارەنووسی واران محەممەدنژاد پاش ئەوەی کە دەستبەسەر کرابوو، لەبەر دەرگای دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا (بارەگای شەهرامفەر) بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوون. شایانی باسە، ئەو خوێندکارە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لەسەر ئەوەیکە لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە بە شێوەی توندوتیژی و دڕندانە دەستبەسەر کراوە، مانی لە خواردن گرتبوو. جێگای ئاماژەیە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە لەو دادگایەدا دراوتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.