سەپاندنی سزای دوو ساڵ زیندان بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە لە تاران
پێنجشەممە ۲۲-۱۰-۱۴۰۱   |  12-01-2023
مەهسا فەرهادی، تەمەن ٢١ ساڵە و خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕژیم لە شاری شاریار (شەهریار) سەر بە تاران، بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی میللی”سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
مەهسا ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، پاش هاتنە دەرەوەی لە شوێنی کارەکەی، بە بیانووی ڕەچاوە نەکردنی حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندرا.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە و بنەماڵەکەی پاش دوو ڕۆژ بەدواداچوونی بەردەوام و سەردانی دادگا و ناوەندەکانی ڕژیم، ئاگادار کراونەتەوە کە کچەکەیان دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی قەرچەک گواستراوەتەوە.