هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “یووسف بەکری” تەمەن ٣٨ ساڵ، لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی لەگەڵ یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” و “بەشداری لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی”، سەرجەم سزای ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
ئەو هاووڵاتییە ماوەی ٢ مانگ و ٢٧ ڕۆژە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە و لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات. شایانی باسە، یووسف بەکری لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەبوونی پارێزەر بێبەری کراوە. پێویست بە ئاماژەیە، یووسف بەکری ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ لە شوێنی کارەکەی بەبێ هیچ هۆکارێک، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.