فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای زیندان بەسەر دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان
یەکشەممە ۲۳-۱۱-۱۴۰۱   |  12-02-2023

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی “حسێن قسمەتی” و “دیار خورشیدی” کە لە لەم دواییانەدا دەستبەسەر کراون، لە لایەن دادگای تاوانەکانی ئەمشارە، سزای زیندان و لێدانی شەلاقیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شاری بۆکان، بە بیانووی بەشداری لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەمشارە، سزای ۶ مانگ و لێدانی ٣٠ زەربە شەلاقی بەسەر حسێن قسمەتی و هەروەها سزای ٤ مانگ زیندانی بەسەر دیار خورشیدی، سەپاندووە. جێگەی ئاماژەیە، دیار خورشیدی، دانیشتووی گەڕەکی “ئەندیشە”ی شاری بۆکان، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و پاش ٣ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو. هەروەها حسێن قسمەتی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و پاش ١٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.