فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای زیندان بەسەر سێ هاووڵاتی خەلکی سەقز
چوارشەممە ۲۵-۱۱-۱۴۰۲   |  14-02-2024

سێ هاووڵاتی خەڵکی سەقز کە لە سەروبەندی ساڵیادی کوشتنی حکومەتی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
لەم دوایییانەدا سێ هاووڵاتی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی هیوا جیهانی، هیوا تاتایی و ئومێد موقەدەس لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئەمنیەتی میللی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەو سزایە، هیوا تاتایی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها، هیوا جیهانی و ئومێد موقەدەس هەر یەک سزای دوو ساڵ بەندکران لەگەڵ هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە، سزای دوو ساڵ بەندکرانی ئومێد موقەدەس و هیوا جیهانی بۆ پێ بژاردنی ٣٥ ملیۆن تمەن غەرامەی نەختی گۆڕدراوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە سەروبەندی ساڵیادی کوژرانی ژینا و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانە بەربڵاوەکان لە شاری سەقز دەستبەسەرکران و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر هەریەک بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد بوون.