بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی”، سزای یەک ساڵ بەندکردن و ١٥ مانگ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ شاری باوی لە پارێزگای خووزستان بەسەریدا سەپاوە.
هەروەها سزای ١٧ ساڵ بەندکردنی ئەیووب جەوانپوور کە پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکە و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بەسەریدا سەپاوە، بە داخوازیی پێداچوونەوە لە لایەن ناوبراو بۆ ٣ ساڵ بەندکردن کەم کراوەتەوە. ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە تۆمەت گەلێکی وەک “ڕێکخستن و ڕێبەریی گرووپی زیاتر لە دوو کەسی بۆ تێکدانی ئاسایشی میللی”، “سووکایەتیکردن بە خومەینی”، “سووکایەتی کردن بە خامنەیی” و “پڕوپاگەندا بە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی” دادگایی کرابوو و سزای ١٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو. ئەیووب جەوانپوور ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردان، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز و لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابوویەوە.