بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی ژن بەناوەکانی “فروغ تەقیپوور”، تەمەن ٢٩ ساڵ و “مەرزیە فارسی”، تەمەن ٥٨ ساڵ، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق”، هەرکامیان سزای ١٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە، ئەم بەندکراوانە بەهۆی بەفەرمی نەناسینی دادگای شۆڕش، لە دانیشتنی دوایین جاری ئەو دادگایەدا ئامادە نەبوون. هەروەها لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لەلایەن داواکاری گشتیی ئێڤینەوە تۆمەتی “بغی” دراوەتە پاڵیان و پێیان ڕاگەیەندراوە. سزای بەندکردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، ٢٥ی ڕێبەندان، لە ڕێگەی پارێزەرەکەیانەوە بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، مەرزیە فارسی، تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و باری تەندروستیی ناوبراو لە مەترسیدایە. فروغ تەقیپوور و مەرزیە فارسی لە ٣٠ی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە تاران دەستبەسەر کراون و پاشان بۆ زیندانی ئێڤین گواسترانەتەوە.