بەگوێرەی زانیاریەکان، لەم دوایییانەدا ئازاد ئەمینی، چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کولتوری “هیوای زانست” و ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی “ژیانی سەوز”ی سەقز، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی “بەشداری لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئەمنیەتی میللی” سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ئەو سزایە کە لەم دوایییانەدا بە ئازاد ئەمینی ڕاگەیەندراوە، ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی ناوبراو هەژمار دەکرێت.
ئازاد ئەمینی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، لە زێدەکەی خۆی لە گوندی “هێجانان” دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سەقز و دوای یەک ڕۆژیش لەوێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە. ناوبراو لە ئاکامدا دوای ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕزبەر، بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادوەرییەکەی لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کرابوو. شایانی باسە، ئازاد ئەمینی لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.