فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای ٤٠ مانگ زیندان بەسەر ئومید قەدیمی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان
شەممە ۱۱-۰۱-۱۴۰۳   |  30-03-2024

ئومید قەدیمی، تەمەن ٣٣ ساڵ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی دیواندەرە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی “ئەندامیەتی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” سزای ٣٢ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای ٨ مانگ بەندکران و سەرجەم سزای ٤٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها ناوبراو بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بەمەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی، پێبژاردنی بڕی پارەی ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا، بەرانبەر بە ٣٢ مانگ بەندکران بۆ ئومید قەدیمی جێبەجێ دەکرێت کە دوو لە سێی ئەو ماوە، بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵپەسێندراوە.
ئومید قەدیمی، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سپای پاسداران لە سنە گواسترایەوە.
لە ئاکامدا ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بەدانانی بارمتەی دوو ملیارد و ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی سنە ئازاد بوو.
فواد قەدیمی، برای ئومید قەدیمی، ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ۱۴۰۱ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی لە دیواندەرە بریندار کرا و ڕۆژی ٣٠ی ئەو مانگە، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەستدا.