لە ماوەی ڕۆژەکانی ڕابردوودا “حاتەم ئوزدەمیر” تەمەن ٢٨ ساڵ، لەلایەن لەقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “موحاربە” حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپێنراوە و ئەو حوکمە ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی گوڵان، لە زیندانی ناوەندی ورمێ بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
دوایین دانیشتنی دادگا و پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی حاتەم ئوزدەمیر، ڕێکەوتی ٤ی گوڵانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو. شیاوی ئاماژە پێدانە، پێشتر، حوکمی ئێعدامی حاتەم ئوزدەمیر لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لقی هاوتەریبی خۆی لە ورمێ نێردرابوو. حاتەم ئوزدەمیر پێشتر و لە کاتێکدا کە ٣٣ مانگ لە دەستبەسەرکرانی تێپەربوو؛ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری خۆی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامەتیی لە پارتی کرێکارانی کوردستان حوکمی ئێعدام و ٥ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپابوو. جێگای ئاماژەیە، حاتەم ئوزدەمیر ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ چەند گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی بۆرالانی شاری ماکۆ لە حاڵێکدا بریندار و لە هۆشی خۆی چووبوو، بە دیل گیرابوو.