ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، مریەم مێهرابی خوشکی مەحموود مێهرابی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسفەهانەوە، حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی بەسردا سەپێندرا.
هاجەر (ماهان) خوشکێکی دیکەی مەحموود مێهرابی بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەیان و تەنانەت بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر حوکمیان بەسەر خوشکەکەیدا سەپاندووە. شایانی باسە، مریەم مێهرابی بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بە شەڕ و کوشتار بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی” و “پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات” حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە مریەم مێهرابی دوای دادخوازیی دۆخی مەحموود مێهرابی بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان، مریەم مێهرابی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیسفەهان، لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەی بە ناوەکانی “ستارە بەختیاروەند” تەمەن ١١ ساڵ و “سۆگول بەختیاروەند” تەمەن ٨ ساڵ دەستبەسەر کرابوو.