لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، “سەیوان ئیبراهیمی” مامۆستای زمانی کوردی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکومەت” بە یەک ساڵ زیندان و سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
جێگای ئاماژەیە، سەیوان ئیبراهیمی، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ و لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، لە لایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە یەک ساڵ زیندان و دوورخرانەوە و لێدانی ٤٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوو. پێویستە بوترێ کە لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە دادگای پێداچوونەوەی سزاکان، سزای بەندکران و لێدانی شەلاقی ناوبراو پەسەندکرا و سزای دوورخستنەوەی بۆ زیندانی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان هەڵوەشایەوە. سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری پارەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.