لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شاری بانە بە ناوی “ڕەحمان سولەیمانی”، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ئەمشارە، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و “پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی” سزای ١٥ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە،دوای ئەوەی کە ئەو چالاکە کرێکارییە لەسەر ئەو سزایە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە، سزاکەی کەم کراوەتەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپسێردراوە. پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گوڵانی ئەمساڵ و لە دانیشتنێکی دادگادا چەندین تۆمەت وەک؛ “سووکایەتی و بێڕێزیکردان بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی”، “ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی” و “پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی” درایە پاڵی ئەو هاووڵاتییە. پێویستە ئاماژە بکرێت کە ڕەحمان سولەیمانی، ڕۆژی سێشەممە ٦ی گوڵان و لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لەگەڵ چوار چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتیی دیکەی خەڵکی شاری بانە دەستبەسەر کرابوو..