وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوایی بەشدار لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز، لە دانیشتنی شەش مانگەی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆماری ئیسلامیان بە گەشەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیک، گواستنەوەی سەدان درۆن بۆ ڕووسیە و پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی ٦٠ لەسەد، تۆمەتبار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ”ئاسۆشەیتێدپرێس” کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە ئەو تۆمەتانەی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمانیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا بەتوندی پشتیوانیی لە هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی کرد.
ئەم ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونانە لە میانەی کۆبوونەوەی شەش مانگەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی پەسەندکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام درا.
نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، گەمارۆکانی ڕۆژاوا و هەڵوێست دژی کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی ئێستا زانی.
نوێنەرانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە کۆکردنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن ڕژیمی ئیسلامیەوە ئێستا ٢٢ هێندەی ئەو سنوورەیە کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕێگەپێدراوە و هیچ پاساوێک بۆ چالاکییە غەیرەنیزامییەکان نییە و ڕەوتی ئێستا تەنیا کۆماری ئیسلامی لە چەکی ناوەکی نزیک دەکاتەوە.
بە وتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی، وەک ڕێکخراوی چاودێریی ناوەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕژیمی ئیسلامی ئەو مەرجانەی پێشێل کردووە کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا دیاری کراوە و پیتاندنی ٦٠ لەسەدی نزیک لەو ئاستەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی پێویستە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕژیم بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرنامەی چەکی ناوەکیی نییە.