نیوە شەوی ٦ی ئۆکتۆبر حەماس بە هێرشی نیزامی لە ڕێگەی ئاسمان و دەریا و زەوییەوە ناوچە داگیرکراوەکان و چەند شاری گەورە و چکۆلەی لە ئیسرائیل بە گولـلە و تۆپ و مووشەک بۆردومانکرد. بەرینایی هێرشی حەماس کە “تۆفانی ئەقسا” ناودێرکراوە لە نیوەی سەدەی ڕابردووەوە بێوێنە بووە و هەتا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە نیزامیان و خەڵکی مەدەنی لە ئیسرائیل و زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسیش برینداربوون. هێرشی نیزامی حەماس کە بە هاودەستیی جەهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵای لۆبنان ئەنجامدراوە لەلایەن ئاراستە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە پشتیوانیی لێکراوە. کۆماری ئیسلامیش پێویستی بەم شەڕەیە و پایەیەکی ئەم سیاسەتە شەڕخوازانەیە بووە. دوای ئەم هێرشە دەوڵەتی ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشێکی بەرینی بۆسەر پێگە و بنکەکانی حەماس دەستپێکرد و کەرتی غەزە و ناوچە داگیرکراوەکانی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە هەتا ئێستا بێجگەلە هێزە نیزامییەکانی حەماس سەدان کەس لە خەڵکی سیڤیلی فەلەستینیش کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس برینداربوون. کارەبای کەرتی غەزە پچڕاوە و نەخۆشخانەکان چیتر زەرفیەتی وەرگرتنی بریندارەکانیان نییە. ناوەندەکانی ناردنی خۆراک و پێداویستیی گشتی خەڵکیش لە کار کەوتوون و کارەساتێکی ئینسانیی هەڕەشە لە کەرتی غەزە دەکات. دوای هێرشەکەی حەماس، ئەمریکا، ناتۆ، یەکیەتیی ئورووپا و زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی خۆیان لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل ڕاگەیاند. ئەمریکا کەشتییەکانی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند کە جێتە جەنگییەکانی دەخاتە ئیختیار ئیسرائیلەوە.
ئەم شەڕە لە بارودۆخێکدا سەریهەڵداوە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخواز لە ئاستی جیهاندا و بەتایبەت لە فەلەستین دامرکاوە و ئاراستەی ڕاستی توندئاژۆ لە هەموو شوێنێک پەرەی ستاندووە. بێگومان بەرەکانی ئەم شەڕە ئەو هێزە ڕاستڕەوانەن کە بەشوێن ئامانجی کۆنەپەرستانە و دژەئینسانیی خۆیانەوەن. بەرەیەکی ئەم شەڕە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیلە کە بەردەوام مافی خەڵکی فەلەستینی پێشێلکردووە و سەرکوتی کردوون. دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسرائیل نەتەنها داگیرکەرە بەڵکوو هەتا ئێستا هەموو گرێبەستە ناسراوە نێونەتەوەییەکان کە تا ئاستێک هەڵگری بەرژەوەندی فەلەستینییەکان بوون، نادیدەی گرتوون. لەماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بەهۆی کردەوەی نەتانیاهۆی قەسابی خەڵکی فەلەستین و هاودەستانی، ئاراستە توندڕەوە دینییەکان و سیاسەتی سازکردنی شارۆچکەی یەهوودینشین بەئامانجی پاککردنەوەی فەلەستینییەکان پەرەی سەندووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار فەلەستینی بەدەستی دەوڵەتی ئیسرائیل کورژاون و برینداربوون. دەوڵەتی ئیسرائیل نەتەنها بەرپرسی سەرەکیی سەرکوتی فەلەستینییەکان بووە بەڵکوو لە قۆناغێکدا بەئامانجی بەلاڕێدابردنی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی فەلەستن، زەمینەی گەشەی ئاراستەی کۆنەپەرستانە و مەزهەبی لەوانە حەماسی دابینکردووە.
بەرەیەکی دیکەی ئەم شەڕە ڕەوتی کۆنەپەرست و مەزهەبیی حەماسە کە دوای گرێبەستی ئۆسلۆ و پاشەکشەی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە بزووتنەوەی فەلەستین، گەشەی کرد. ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستینیش بەهۆی گەندەڵی و ناکارامەیی بەتایبەت لە سەردەمی مەحموود عەباسدا، متمانەی خەڵکی لەدەستدا و زەمینەکانی بەهێزبوونی حەماس پێکهات و بوو بەهۆی ئەوەیکە ئەم ڕەوتە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەزە بەدەستەوە بگرێت. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەڕێگەی “پەیمانی ئیبراهیم”ەوە دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەب سازانی عەلەنی و ئاشکرایان لەگەڵ ئیسرائیل گرتووەتە بەر کە پێگەی حەماس، جەهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامیی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل خستووەتە مەترسییەوە. بەسەرەنجدان بە قەیرانی بێوێنەی ئەم دوایانە لەناو حکوومەتی نەتانیاهۆ، حەماس و هاوپەیمانانی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوە دان کە هاوسەنگیی هێزی ئێستا تا ئاستێک بە قازانجی خۆیان بگۆڕن. حەماس، جەهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵا ئەو هێزە کۆنەپەرستانەن کە هەروەک کۆماری ئیسلامی بەرهەمی چالاکییان بۆ خەڵک بێجگەلە دیکتاتۆریی دینی، هەژاری و نایەکسانی و هەڵاواردنی ڕەگەزی شتێکی تر نییە. دوو بەرەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە بە کردەوەکانیان یەکتر بەهێز دەکەن. بێگومان تێچوو و هەزینەی ئینسانی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم شەڕە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل دەیدەن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هاوپشتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئیسرائیل و فەلەستین دیفاع دەکات و داکۆکیکاری لێبڕاوی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستینە. داوا لە بیروڕای گشتیی پێشکەوتنخواز، ناوەندە کرێکارییەکان و هێزە پێشڕەوەکان دەکەین کە بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە تێبکۆشن و داکۆکیکاری مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین بن.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ – ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت