فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: بژی مانگرتنی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز!
دوشەممە ۱۱-۱۰-۱۴۰۲   |  01-01-2024

قۆناغێکی تازە لە ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان دژبە ڕژیمی سەرمایە لە ئێران دەستیپێکروودە. لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتە، کرێکارانی فوولاد لە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی بەفرانبارەوە بە ناڕەزایەتی و ڕاگەیاندنی مانگرتن بەدژی سیاسەتی دژەکرێکاریی خاوەنکار و دەوڵەتی پشتیوانیان هاتوونەتە مەیدان و بۆ جارێکی تر گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگایان ئاگاداری هاوپشتی و پێداگری لەسەر خواستەکانیان کردووە.

مانگرتنی کرێکارانی فوولاد، وڵامی کرێکارانە بە دەرکردنی ژمارەیەک لە هاوکارانیان، بە بیلاتەکلیفیی کۆمەڵێکی بەرینیان، وڵامی کرێکارانە بەدژی پیلانگێڕیی خاوەنکاران لە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکاندا. کرێکاران بە داخستن و بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگاکانی هاتوچۆ یەکگرتووانە و یەکڕیز، ڕۆژی چوارشەممە چواری مانگی بەفرانبار لە خەیابانەکانی شار دەستیان کرد بە ڕێپێوان و بەدژی دەوڵەت و خاوەنکاران و بانکی میللی دروشمیان وتەوە.

دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لەوانە ئیتلاعات بە هەڕەشە و بە شێوەی هەمیشە بەتەمای سەرکوتی ناڕەزایەتیی کرێکارانە بەڵام بەرەوڕووی موقاومەت و پەیگیریی ئەوان بووەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە ئیفلاس و قەیرانی ئابووری سەرتاپێی داگرتووە، بۆ چوونەدەر لەم قەیرانانە، هێرش کردنە سەر ژیان و گوزەرانی کرێکارانی خستووەتە دەستووری کارەوە. بەڵام لە بەرامبەردا و لە هەلومەرجی نالەباری ئابووریی ئێستادا، بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاری ئێران بۆ دیفاع لە مافی ژیانی خۆیان لە زۆربەی ناوەندە کرێکارییەکان بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ڕبزبەندیی پیشەکان و بردنەسەری حەقدەستیان خستووەتە سەرووی هەموو داخوازییەکانیان.

پشتیوانیی بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار لە مانگرتنی کرێکارانی فوولاد دەتوانێ ڕژیمی سەرمایەداران ناچار بە قەبووڵکردنی خواستی کرێکارانی فوولاد بکات و بە خەباتی کرێکاری هێز و توانایەکی زیاتر ببەخشێ. هاوپشتیی کرێکاری بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا کە خانەنشینان لە زۆرێک لە شاەرکانی ئێران و کوردستان ڕۆژانە لە بەرابەر ئیداراتی دەوڵەتیدا دەست دەدەنە ئیعتڕاز، ئامرازێکی کاریگەری چنیی کرێکارە بەدژی تاڵانکەران و ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان وێڕای پشتیوانیکردن لە مانگرتنی کرێکارانی فوولاد و ناڕەزایەتیی ئێستای خانەنشینان، کرێکاران و هەموو ڕێکخراوە خەباتکار و ئازادیخوازەکان بانگەشەی پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی فوولاد دەکات. هاوپشتیی سەرانسەریی چینی کرێکار زامنی دەسەڵاتی زیاتر و وەدیهاتنی داخوازییەکانی خەباتی ئێستای کرێکارانە. چینی کرێکار لە کوردستان تەنها بە پشتیوانی لە خەباتی کرێکاران لە سەرانسەری ئێران و بە ڕاکێشانی پشتیوانیی ئەوان دەتوانێ داخوازییە ڕەواکانی خۆی بەسەر دەوڵەت و سەرمایەدارانی کوردستاندا بسەپێنێت.

بژی هاوپشتیی سەرانسەریی کرێکاران!

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٦ی بەفرانباری ١٤٠٢

٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٣