فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: پیلانەکانی ڕژیمی ئیسلامی دژبە مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی تێکبشکێنین!
دوشەممە ۱۸-۰۲-۱۴۰۲   |  08-05-2023
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: پیلانەکانی ڕژیمی ئیسلامی دژبە مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی تێکبشکێنین!

دوو حەفتە لە مانگرتنی کرێکارنی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی کە لە ئەوەڵی مانگی گوڵانەوە بە داخوازیی سەرەکیی بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست و بیست و ڕۆژ کار و دە ڕۆژ پشوو و باقیی خواستە ڕەفاهییەکان دەستیپێکرد، تێدەپەڕێت. کارگێڕانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە سەرەتا بە هەڕەشەی دەرکردنی دەستەجەمعی کرێکاران و دامەزراندنی کرێکارانی تازە هاتنە مەیدان لە درێژەدا بە گرتنەبەری تاکتیکی فریوکارانە بۆ دروستکردنی تەفرەقە لەناو ڕیزەکانی کرێکاران هەوڵیان دا مانگرتنی کرێکاران تێکبشکێنن.

لە درێژەی ئەم هەڕەشە و پیلانگێڕیانەدا دژبە کرێکاران، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی گوڵان هەواڵنێریی فارس سەربە سپای پاسداران ڕایگەیاند کە: “بە چاوەدێری و لێکۆڵینەوە و پشتیوانیی دەزگای قەزایی، ژمارەیەک لە پەیمانکارانی تاوانبار لە بەشی دابینکردنی هێزی کار بۆ پڕۆژەکانی پارسی جنوبی، ئیحزار و دەستبەسەرکران”. ئەم هەواڵنێرییە ئەمنیەتییە هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەرکردنی ئەم پەیمانکارانەی “تاوانی جۆراوجۆر لە بواری کرێکاری، پشتیوانی لە بانگەواز و کردەوەی زیدی ئینقلاب و هەڵخڕاندنی مانگرتن لە پڕۆژەکانی پارسی جنوبی” ڕاگەیاندووە. سپای پاسداران بەم تەبلیغاتە فریوکارانەیەی دەیهەوێ ژمارەیەک پەیمانکاری موتەخەلف بە هۆکاری سەرەکیی ئەو بارودۆخە فەلاکەتبارەی کە بەسەر دەیان هەزار کرێکاری پڕۆژەیی سەنعەتی نەوت و گازدا سەپاوە پێناسە بکات. بێگومان یەکێک لە خواستە گرینگەکانی کرێکاران نەمانی شیرکەتە پەیمانکارەکانە و خودی ئەم شیرکەتانەش مەدیونی ڕژیمی ئیسلامی و سپای پاسدارانن. دەوڵەت، قەرارگای خاتەمولئەنبیا و شیرکەتە پەیمانییەکان دوژمنانی کرێکارانن و باش و خراپیان نییە. بەڵام سپا بەنیازە بە نیسبەتدانی مانگرتنی کرێکاران بە بانگەوازێ بەقسەی خۆی “زیدی ئیقلاب”، بۆ چالاکانی کرێکاری و سازماندەرانی مانگرتنەکان پەروەندەی ئەمنیەتی دروست بکات.

کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا بە هەڕەشە و تەبلیغاتی درۆیین بۆ تێکشکاندنی مانگرتنی یەکگرتووانەی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی نەخشە دادەڕێژێت کە زیاتر لە سێ دەیەیە هێزی کاری ئەم ناوەندانه بەردەوام لەژێر تەهاجومی ڕژیمدابوون بۆ هەرزانکردنیان. یه‌كێك له‌ گرینگرین سیاسه‌ته‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سه‌مایه‌ له ئێران پاش قۆناخی شه‌ڕی ئێران و عێراق كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ڕه‌فسه‌نجانی و خاته‌مییه‌‌وه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهات، كاتی كردن، كه‌م كردنه‌وه‌ی حه‌قده‌ستی كرێكاران و هه‌رزان كردنی هێزی كاری سه‌نعه‌تی نه‌وت و پاشان پێترۆشیمی بوو. وەزعیەتی سەختی کار، بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری و دروستبوونی شیرکەتە پەیمانییەکان ئاکامی سیاسەتی دەوڵەتانی جۆراوجۆری نیزامی ئیسلامیی سەرمایەداران بووە.

لەماوەی ئەم دوو حەفتەیەدا کە مانگرتنی سەرانسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بەردوامە، ناوەندە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت بە هەڕەشە و تەفرەقەنانەوە و پەیمانکاران بە درێژەی چەوساندنەوە، بۆ تێکشکاندنی مانگرتنی کرێکاران لە هەوڵ دان. سپای پاسداران بە گوزارشی بێ پایە و ئەساس و درۆیین، ڕێکخەرانی ئەم مانگرتنە بە هێزەکانی “زیدی ئینقلاب” نیسبەت دەدات و خەریکی پەروەندەسازیی ئەمنیەتییە بۆیان. لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا بە وشیاری و بە پاراستنی یەکگرتوویی و بە هاوپشتیی ڕیزەکانی کرێکارانە کە دەکرێ پیلانگێڕیی حکوومەت و پەیمانکاران دژبە مانگرتنی یەکگرتووانەی کرێکاران شکست بێنێت. لەم هەلومەرجەدا بەڕێوەبردنی کۆبونەوەی کرێکاری و مەجمەعی عمومی و دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیارداندا ڕۆڵی چارەنووسسازی دەبێت لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی کرێکارانی مانگرتوودا.

پیرۆز بێت مانگرتنی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی!

بژی یەکگرتوویی و سەربەخۆیی چینایەتیی کرێکاران!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!


شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١٥ی گوڵانی ١٤٠٢ – ٥ی مەی ٢٠٢٣



واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت