فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی سێهەمی دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستان و پێویستیی خەباتی یەکگرتووانە
شەممە ۱۶-۱۱-۱۴۰۰   |  05-02-2022

بەپێی هەواڵەکان و دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار و بەڵگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو” لەماوەی مانگی ژانویەی ساڵی زایینیی ئەمساڵ لانیکەم ٥٠ کەس لە هاووڵاتییان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەتۆمەتی چالاکیی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە ٤٠ کەس لە هاووڵاتییان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان، ٨ کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و ٢ کەس بەهۆی چالاکیی مەزهەبی دەستبەسەرکراون. هەر لەم مانگەدا ٦ کەس لە چالاکی ژن کە دەسبەسەرکراون بۆ تێپەڕاندنی دەورانی مەحکوومییەتەکەیان ڕەوانەی زیندان کراون. ئەمە سێهەمین شەپۆلی دەسبتەسەرکردنەکانە لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی ئەمنییەتیی ئیبراهیم ڕئیسیی جەلادەوە.

لە سەرەتای دەستبەکارکردنی دەوڵەتی سێزەدەهەمی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەمە سێهەمین جارە کە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەرین لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران بە بیانووی بێبنەما لەوانە: تەبلیغ دژبە نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان ئەنجام دراوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پاش چوار دەیە دەسەڵات بە بەرەو دواوە بردنی کۆمەڵگای ئێران و توندکردنەوەی نەهامەتییەکانی سەرمایەداری لەوانە  هەژاری، بێکاری، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، مەشرووعییەتی خۆی لەدەست داوە و بەرەوڕووی شەپۆلی بەردەوامی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بووەتەوە. ڕەشبگیریی بەرین و ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی بەشێک لە ستراتێژی سەرکوتی بەرینی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی  ڕژیمە. دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی لە لایەن دەزگا  ئەمنییەکان بەدەر لە ماهییەتی سەرکوتگەرانە، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، لە خۆڕێکخستنی هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان یەکجار دەترسێن.

بێگومان ئەم شەپۆلی دەسبەسەرکردنانە لە کوردستان بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتی گشتیی تودکردنەوەی کەشوهەوای سەرکوت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری، خەباتی سەرتاسەریی مامۆستایان و  بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێرانە، کە مانەوەی کۆماری ئیسلامییان خستووتە مەترسییەوە. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی ڕێبەڕان و ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری مامۆستایان و لەلایەکی دیکەوە بە دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ژنانی خەباتکارێک کە یاسای کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە، دەیهەوێ خەڵکی ناڕازی و وەگیان هاتووی ئێران و کوردستان چاوترسێن بکات. ڕژیم بەو هەوڵانەی بەنیازە بەربە گەشەی هەرجۆرە جموجۆڵێکی خەباتکارانە لە سەرتاسەری و لە کوردستان کە بەردەوام سەرنگەرێکی گرینگ بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی جەماوەری و بزووتنەوەی پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، بگرێت.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و ڕەقیبە ناوچەییە کان هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە دەکات و لەژێر گوشاری مانگرتنی بەردەوامی کرێکارن و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا ئتۆتۆریتەی گشتیی لاوازتر بێت.  ئەم ڕژیمە بەتەمایە لەوپەڕی داماویدا بە توندکردنەوەی کەشوهەوای ئەمنییەتی و ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی توانای ماشێنی سەرکوتەکەی بەڕووی ئەو خەڵکەدا بکێشێت  کە لە مەنگەنەی بێکاری و هەژاری و گرانی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دان. شەپۆلی سێهەمی دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و توندبوونەوەی کەشوهەوای سەرکوت لە کوردستان، نەک نیشانەی توانای ڕژیمی ئیسلامی، بەڵکوو کردەوەیەکی زەبوونانە و داماوانەیە لە جەرگەی قەیرانی هەمەلایەنەیەک کە تێیدا گرفتار بووە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و لەڕێگەی سەرکوت، دەستبەسەرکردن، زیندانیکردن و ئێعدام ناتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بکات. ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ بزانێ کە چالاکانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان سەردەمی ترس و خوف لە ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییان وەپشت سەر ناوە. بێگومان تەنیا فاکتۆرێک کە دەتوانێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم لەکار بخات خۆڕاگریی گشتیی کۆمەڵگا بەرامبەر بە هەرجۆرە گوشارێکە دژبە چالاکانی سیاسی. خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەندین مانگرتنی سەرتاسەری لە شارە کوردنشینەکان، لە ناڕەزایەتی بە ئێعدام و دەستبەسەرکردن، خاوەنی ئەزموونی خەباتکارانەی جێگای متمانەن بۆ ڕێکخستنی سەرتاسەری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کۆمەڵانی ئێران. لەسەر ئەم بنەمایە، چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، چالاکانی ژینگەپارێز، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە کوردستان، دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆیان لە بواری پێکهێنان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری و بە دەورونەخش نواندنی خۆیان، پاشەکشە بە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی  بکەن. لە وەها باروودۆخێکدا پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و باقیی حیزب و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەموو مرۆڤە چەپ و خەباتکارەکانی کوردستان لە پێوەند و هاوکاری و هاوفکریی زیاتر لەگەڵ یەکتر، بە هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی کەشوهەوای کۆمەڵگا و بە هەوڵی کردەوەیی بیرلێکراوە، بۆ هێنانە مەیدان و بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران، بەستێنسازی بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv