فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا پاش رێوڕەسمەکانی موحەرەم و ئەربەعین
سێشەممە ۰۴-۰۸-۱۴۰۰   |  26-10-2021

ئیبراهیم رەئیسی رۆژی شەممە یەکی مانگی خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەی “ستادی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا” وێڕای هۆشدار نیسبەت بە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا بەخاتری رەچاونەکردنی پێوەرە تەندرووستییەکان لە لایەن هاووڵاتییانەوە وتی: “ڕازی کردنی بیروڕای گشتی سەبارەت بە سەرکەوتووبوونی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا زەروورییە”. بێجگەلە ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی تەندرووستیی مەجلیسی رژیم سەبارەت بە سەرهەڵدانی شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا رایگەیاند: “بەداخەوە لە هێندێک شوێنی ئێران بەهۆی پایبەندنەبوون بە پرۆتۆکۆلە تەندرووستییەکان، لە ناوەندە دەرمانییەکاندا شایەدی چوونەسەرەوەی ١٠٠ لەسەدیی ژمارەی نەخۆشەکانین”. رەئیسی و باقیی کارگێڕانی رژیمی ئیسلامی بەم قسانەیان دەیانهەوێ داماوی و نابەرپرس بوونی حکوومەتی ئیسلامی لەئاست پەرەسەندنی ڤایروسی کۆرۆنا پاساو بکەن. ئەوان بەئانقەست و فریوکارانە خەڵک بە تاوانباری بڵاوبوونەوەی بەرینی ئەم پەتایە پێناسە دەکەن و ئەوەیکە ئیبراهیم رەئیسی دەڵێ پێویستە رژیم خەڵک بە قەناعەت بگەیەنێ تا بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە، تەنیا خۆگێل کردنە و هیچیتر.

دان پێدانان بە چوونەسەرەوەی ١٠٠ لەسەدیی نەخۆشانی کۆرۆنا لەناو نەخۆشخانەکان لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا و چوونەسەرەوەی دووبارەی رێژەی مەرگ بەهۆی ئەم پەتایە بەو مانایەیە کە شەپۆلی شەشەمی ئەم نەخۆشییە لە ئێران وەڕێکەوتووە. بەڵام تاوانبار و هۆکاری سەرەکیی نەک خەڵک بەڵکوو خودی سەران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامین. چونکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و لە باروودۆخێکدا کە رۆژانە سەدان کەس لە ئێران بەخاتری نەبوونی کەرەستەی پزیشکی گیانیان لەدەست دەدەن و رۆژانە هەزاران کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، و سەرەڕای هۆشداری بەردەوامی شارەزایان و ناوەندە پزیشکییەکان سەبارەت بە زەروورەتی رێگری لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسم و کۆبوونەوە و رێپێوانی مەزهەبی، بەرپرسانی حکوومەتی و ناوەندەکانی رووحانییەت فریوکارانە خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی خورافیی تازیەباری، سینەزەنی و قەمەزەنی موحەرم، عاشووڕا، ئەربەعین و نوێژی جومعە و هتد هاندەدەن.

تا جێگایەک کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقیش لەسەر ناردنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر بۆ رێپێوان لە کەربەلا خەریکی وتووێژ دەبن. ئەوان بەم کردەیە و بە وڕێخستنی دەزگای تەبلیغ و تەرخان کردنی بوودجەیەکی زۆر بەم رێوڕەسمە خورافیانە دەیانهەوێ خەڵک لەدەوری یەک کۆبکەنەوە وسەرقاڵیان بکەن و لەئاکامدا ڤایروسی کۆرۆناش پەرە بستێنێت.

حەوتووی رابردوو، سەرۆکی کۆمیتەی تۆژینەوەی وەزارەتی تەندرووستیی رژیم وێڕای نیگەرانی سەبارەت بە راوەستانی رەوتی کەمبوونەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا، نیسبەت بە دواهاتەکانی شەپۆلی شەشەم لە پاش رێوڕەسم و سەفەرەکانی مانگی موحەرەم هۆشداری دا. بەڵام بۆ سەران و کارگێڕانی کۆماری ئیسلامی و دەزگای کۆنەپەرستی رووحانییەت هیچ گرینگ نییە کە هەتا ئێستا چەند سەد هەزار کەس لە خەڵکی ئێران گیانیان لەدەست داوە و یان ژمارەیەکی زیاتریش لەناو دەچن. رێبەرانی مەزهەبی لە سیستمی وەلایەتی فەقیەدا هیچ بایەخ و مافێک بۆ ئینسانەکان بەڕەسمی ناناسن. ئەوەیکە بۆ ئەوان گرینگە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانە بۆ هێنانە مەیدانی خەڵک و بۆ هاندانی هەستی مەزهەبیی ئەوانە لە خزمەت لەسەر پێ راگرتنی رژیمی دزان و تاڵانکەران. لەخۆڕا نییە کە مۆرەکانی دەسەڵات و دەزگای رووحانییەتی رژیم بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی موحەڕەم و نوێژی جومعە و رێوڕەسمی کۆنەپەرستانەیتر، بەپەلە و پێداگرن.

لە لایەکی دیکەشەوە دەزگا ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی وێڕای هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ ئەم پەتا کوشندەیە، لە بڵاکردنەوەی ئاماری واقعی چ لە پێوەند لەگەڵ ژمارەی گیان بەختکردووان و چ لە پێوەند لەگەڵ هاوردەکردنی ڤاکسێن و ژمارەی ڤاکسێن لێدراوان و کەمبوونی کەرەستەی پزیشکی خۆدەبوێرن. کارگێڕانی رژیمی ئیسلامی بە دەستبەسەرکردنی کەسانێک کە لەم بوارەدا خەڵک ئاگادار دەکەنەوە و داماوی و بێتوانایی رژیم لەقاودەدەن، بەتەمان نکۆڵی لە پانتایی ئەم کارەساتە ئینسانییە بکەن.  پەتای کۆرۆنا بۆ مافیای ئابووریی سپای پاسداران دەرفەتێکی خوڵقاند تا دەست بەسەر هاوردەکردنی دەرمان و ڤاکسێنیش دابگرێت و بە رانتخۆری لەم بوارەشدا ملیۆنان دۆلار لە پارەی خەڵک تاڵان بکات. بەجۆرێک کە ئەمڕۆ ئیتر دابین کردنی هەزینەی قورسی دەوا و دەرمانی ئەم پەتایە بەتایبەت بۆ بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکان غەیرە مومکینە.

لە وەها باروودۆخێکدا ئیبراهیم رەئیسیی قاتڵ یەک مانگ لەمەوبەر هەروەک هاوتای درۆزنی خۆی رووحانی، بۆ پاساوکردنی لابردنی بەربەستەکان و بۆ فریودانی بیروڕای گشتی بێشەرمانە باس لە ڤاکسینەکرانی ٧٠ لەسەدیی خەڵکی ئێران دەکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنانەت بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی تەندرووستیی رژیم، لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا کە ڤاکسیناسیۆن لە ئێران دەستپێکردووە تەنیا ١٥ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار کەس بەتەواوی ڤاکسێن کراون. ئەم رەقەمە نەک ٧٠ لەسەد بەڵکوو کەمتر لە ١٨ لەسەدی گشت جەمعییەتی ئێرانە. لە لایەکی دیکەوە رۆژی شەممە یەکی مانگی خەزەڵوەر هەمان سەرچاوە رایگەیاند کە “ژمارەی ئەو شارانەی کە باروودۆخیان سوورە لە ٦ شارەوە گەیشتووەتە ١٦ شار و ژمارەی شارستانە نارنجییەکانیش بۆ ١١٩ بەرز بووەتەوە”.

لەڕاستیدا هەتا ئێستا بەرپرسانی رژیمی ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم پەتا کوشندە جیهانییەدا هاوشێوەی باقیی سوونامییەکانی وەک لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە نەیانتوانیوە هەوڵێکی جیدی بخەنە گەڕ. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا بە ئامانجی سیاسی، چەندین مانگ پەردەپۆشییان لەم واقعییەتە کرد. بە بیانووی گەمارۆکانەوە بوودجەی پێویستیان بۆ کڕینی ڤاکسێن و پێداویستیی پزیشکی تەرخان نەکرد. بە وتەی ناتەبا و دژەئینسانی چەندین مانگ هاوردەکردنی ڤاکسێنی بیانییان بۆ ئێران قەدەغە کرد و بەمجۆرە خەڵکی ئێرانیان بەرەوڕووی تەڵەفات و زیانی قورس کردەوە. لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە ئەم قەیرانە لە ئێران سەری هەڵداوە، بۆ جەماوەری خەڵک زیاتر لە رابردوو روون بووەتەوە کە ئەم نیزامە گەندەڵە تەنانەت سەلاحییەت و توانای کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی کۆرۆناشی نییە.