فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی مانگرتنی کرێکاری بەرامبەر بە هێرشی دەوڵەتانی سەرمایەداری!
دوشەممە ۲۸-۰۹-۱۴۰۱   |  19-12-2022
شەپۆلی مانگرتنی کرێکاری بەرامبەر بە هێرشی دەوڵەتانی سەرمایەداری!

چەخماخەی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لەم یان لەو وڵاتی ئورووپایی لە ناڕەزایەتی بە چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک و ڕەوتی چوونەسەرەوەی بەرینی سووتەمەنی لێدرا، بوو بە هۆی ئەوەیکە لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئورووپا، باسی “پاییزی داغ” بێتە گۆڕێ. بەدەر لەو سیاسەتانەی کە دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم پاییزە داغە گرتیانە بەر، ڕوون بوو کە لە زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداری بارودۆخی نالەباری ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئەم جەماوەرە ڕەوانەی سەر شەقامەکان دەکات. تەنانەت کاتێک کە هێستا چوار مانگ لە شەڕی ئیمپریالیستی ئۆکراین تێپەڕ ببوو، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ” لە سەرانسەری جیهان چل و نۆ ملیۆن کەس لە چل و سێ وڵات لەگەڵ برسییەتی بەرین بەرەوڕوون و ئێستا شەڕ لە ئۆکراین پانتاییەکی مەترسیدارتری بەم برسییەتییە جیهانییە داوە”. ئەگەر بۆ ماوەیەک وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداری بە زەبری تەبلیغاتی شەو و ڕۆژی هەوڵیان دەدا کە بە بیروڕای گشتی بسەلمێنن کە سەرانی دەوڵەتەکان گۆیا هاوکات لە حاڵی تەرخان کردنی ملیۆنها دۆلار بۆ شەڕی ئۆکراینن و بیریش لە ڕێگایەک دەکەنەوە بۆ کەم کردنەوەی گوشارەکان لەسەر خەڵک، بەڵام واقعییەت زۆر زووتر لەوەیکە سەرانی ئەم دەوڵەتانە تەسەوری بکەن، ڕوخساری خۆی نیشان دا. ئێستا ئیتر تەنیا وێنەی جەستەی کز و لاوازی ملیۆنان برسی لە وڵاتانی غەیرە ئورووپایی نییە کە جاروبارە لە میدیاکانەوە دەردەکەوێت. ئێستا هەر لەم وڵاتە پێشکەوتووانەی سەرمایەداریش چوونەسەرەوەی نرخی سووتەمەنی، چوونەسەرەوەی هەموو ڕۆژێی نرخی کاڵا ئەساسییەکان نەتەنیا بۆ ملیۆنان کەس کە لە خوارەوەی هێرەمی کۆمەڵگە دان، نەتەنیا بۆ ئەو ملیۆنان کەسەی کە بە کاری کاتی و حەقدەستی کەمەوە دەچەوسێنەوە بەڵکوو تەنانەت بۆ بەشێکی بەرین لە کرێکارانی سەنعەتی، بەشێکی بەرین لە کارمەندانی نەخۆشخانە و بەشەکانی خزمەتگوزاری بارودۆخێکی پێکهێناوە کە لە تاقەت بەدەرەوە.

لە سەرەتای مانگی خەرماناندا لە بڕیتانیا ڕاگەیەندرا کە بەپێی بڕیاری ئیدارەی کۆنتڕۆڵی نرخەکان، هەزینەی ئێنێرژی بۆ یەک بنەماڵەی مامناوەند لە سەدا هەشتا دەچێتە سەرێ. ئەگەرچی ڕاشگەیەندرابوو کە ئەم بەرزبوونەوەیە لە مانگی دواتردا دەستپێدەکات، بەڵام هەر ئەوە بەس بوو تا سەد و پازدە هەزار کەس لە کارمەندانی پۆست و چوار هەزار کەس لە کارمەندانی تەلەفوون بە داخوازیی بردنەسەرەوەی حەقدەست مانگرتن بەڕێوەبەرن. لە حاڵێکدا کە هەر ئەوکات نرخی تەوەرۆم لە سەرووی دە لەسەدەوە بوو، خاوەنکار بێشەرمانە پێشنیاری بردنەسەرەوەی دوو لەسەدی حەقدەستی دابوو. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپاییش هەر ئەم وەزعییەتە زاڵ بوو. „مەکرۆن” سەرۆک کۆماری فەڕانسە باسی لە “کۆتایی فراوانی، کۆتایی خاترجەمی و کۆتایی کەمتەرخەمی ” کرد و وتی کە خەڵک دەبێ خۆیان بۆ قوربانیدان ئامادە بکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە فەڕانسەدا دە ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هەشت ملیۆن کەس بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان پێویستیان بە یارمەتیی دەوڵەتە و دوازدە ملیۆن کەس توانای دانی پارەی کارەبا و گازیان نییە. سەرۆک وەزیرانی ئاڵمانیش ڕوو بە خەڵک وتی کە “قۆناغی ڕەفاهی کۆمەڵایەتی تێپەڕیوە”.

دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری ئەگەر لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی پەتای کۆرۆنا خەڵکیان دەعوەت بە ئارامی دەکرد، ئێستا لە دەورەی دوای کۆرۆنادا خەڵک نەتەنیا لەگەڵ ئاکامەکانی شەڕێک بەرەوڕوون کە خۆیان هیچ نەخشێکیان لە سەرهەڵدانیدا نەبووە، بەڵکوو دواهاتی هەموو سیاسەتە نیۆلیبرالییەکانی دەیەکانی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ ئاکامەکانی قەیرانی کۆرۆنا و شەڕ لە ئۆکراین هەر هەموویان زیاتر لە هەمیشە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاون.

لە ئەمریکا کرێکاران لە یەکێک لە گەورەترین غوولەکانی تەجاڕەت و تێکنۆلۆژی لە جەرەیانی خەباتێکی چەند ساڵەدا، هەوڵیان دا تا “ئامازۆن” ناچار بکەن کە یەکەمین یەکیەتیی کرێکاریی ئامازۆن لە ئەمریکا بەڕەسمی بناسێت. لە ئاڵمان لە مانگەکان و هەفتەکانی ڕابردوودا کارمەندانی مەدرەسەکان شەیپووری مانگرتنیان لێدا و بەدوایدا مانگرتنی کرێکاران لە بەندەرەکانی باکووری ئاڵمان و پاشان مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەدان هەزار کەسیی کرێکارانی فلزکار لە هێندێک لە شارەکان، بەیانی ئاشکرای پاییزی داغ بوو. خواستی بردنەسەرەوەی حەقدەست لە خواستە میحوەرییەکانی کرێکاران بوو. لە هەموو ئەم مانگرتنانەدا خاوەنکاران مەجبوور بوون کە ملکەچی خواستی مانگرتووان بن. زیادکردنی حەقدەست لە هەموو ئەم ڕشتانەدا لە نێوان هەشت بۆ چواردە لەسەد بوو. لە بریتانیا جێگایەک کە بە زادگای نیۆلیبرالیسم دەناسرێت، کاتێک کە مانگی ژۆئەن زیاتر لە هەشتا لەسەدی هێڵی ڕێگەی ئاسنی بریتانیا ڕاوەستا، دەوڵەتی بریتانیا شۆکە بوو، چونکە سی ساڵ لە دوایین مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن تێدەپەڕی. مانگرتنەکە لە بارودۆخێکدا بوو کە چینی کرێکاری ئینگلیس دوای هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی مارگارێت تاچێر بۆسەر بزووتنەوەی کرێکاری و یەکیەتییە کرێکارییەکان، بۆ جارێکی دیکە سەری هەڵدابۆوە. یەکیەتیی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن هەر ئەو کات هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر خواستەکانیان وڵام نەدرێتەوە لە مانگەکانی داهاتووشدا دەست دەدەنەوە مانگرن. لەئێستادا بریتانیا لەگەڵ گەورەترین خەباتی کرێکاری لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بەرەوڕووە. دەوڵەت ڕایگەیاند کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شەپۆلی بەرینی ناڕەزایەتییەکان یاسای سنووردارکردنی مەیدانی عەمەلی یەکیەتییەکان دەباتە مەجلیس. یاسایەک کە بە وتەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەبێ “بەر بە ئاژاوەی یەکیەتییە کرێکارییەکان بگرێت”. واقعییەت ئەوەیە کە ڕێژەی تەوەرۆم دوازدە لەسەدە و ئێستا کارمەندانی ڕێگەی ئاسن، کارمەندانی پۆست، کارمەندانی بەشی تەندروستی و کارمەندانی زانکۆکان لە مانگرتنەدا بەسەر دەبەن، هەموو ئەم گرووپانە نە تەنیا لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا حەقدەستەکانیان زیاد نەکراوە بەڵکوو بەوتەی یەکیەتیی کارمەندانی زانستیی زانکۆکان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئاستی حەقدەستەکان بیست و پێنج لەسەد هاتووەتە خوارێ. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەیکە سەد هەزار کەس لە کارمەندانی بەشی تەندروستی لە حاڵی سازماندانی مانگرتن بۆ ڕۆژانی پازدە و بیستی ئەم مانگەدان، شۆفیر ئامبوڵانسەکانیش ڕایانگەیاند کە بەم مانگرتنە پەیوەست دەبن. یەکیەتیی کرێکارانی ڕێگەی ئاسنیش لە ناڕەزایەتی بە یاسای سنووردارکردنی چالاکیی یەکیەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان لە ڕۆژانی بیست و چوار تا بیست و حەوت واتە ڕۆژانی تەعتیلیی میلادی مەسیح دەست دەدەنە مانگرتن. ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی دێسامبر ڕۆژێکی مێژوویی بوو لە خەباتی چینایەتیی بریتانیا. بۆ یەکەم جار کارمەندانی بەشی تەندروستی لە ئینگلیس، واڵس و ئیرلەندی باکوور هاوکات دەستیان دایە مانگرتن. کارمەندانی بەشەکانی دیکەی “ڕێکخراوی نەتەوەیی تەندرووستی”ش ڕایگەیاند کە هاوڕێ لەگەڵ سێسەد و بیست هەزار کەس لە پەرستاران لەم مانگرتنەدا بەشدار بوون. یەکیەتیی پەرستاران بۆ یەکەم جار لە مێژووی سەد و شەش ساڵەی خۆیدا مانگرتن بەڕێوە دەبات. ئەوان هاوکات لەگەڵ بردنەسەرەوەی حەقدەست خوازیاری بارودۆخی باشتری شوێنی کارن. کرێکاران ڕایانگەیاند کە لەبری سەعاتی کاری ئیزافی حەقدەستێکیان پێ نادرێ. و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمبوودی بەرینی هێزی ئینسانی بەرەوڕوو بن. دەوڵەتی بریتانیا دەڵێ ئەگەر حەقدەستی کارمەندان زیاد بکات، ئەوکات لە بوودجەی تەندرووستی گشتیی کەم دەبێتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی بریتانیا بە ئەندازەی پێویست بۆ ناردنی ملیاردها پۆند چەک و یارمەتیی ماڵی بۆ شەڕی ئیمپریالیستیی ئۆکراین بوودجەی هەیە، بەڵام بۆ کارمەندانی بەشی تەندروستی ناتوانێ بوودجە تەرخان بکات. لەئێستادا بەپێی ئاماری مەوجوود حەوت ملیۆن و دووسەد هەزار نەخۆش چاوەڕوانی نەوبەتن بۆ بەستەری بوون. بۆ ڕۆژانی بیست و یەک و بیست و هەشتی مانگی دێسامبریش هەزار کەس لە شۆفیرانی ئامبوڵانسەکان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە. دەوڵەتی بریتانیا هەر لە ئێستاوە لە حاڵی ڕاهێنانی هێزی نیزامی دایە بۆ دانانیان لە جیاتی شۆفیر ئامبوڵانسەکان.

سیستمی سەرمایەداری و ئولگووی نیۆلیبڕالییەکەی دروست لە زادگاکەیدا هێرشی کراوەتە سەر و لەم ڕووەوە بێگومان مانگرتنی ئێستای بریتانیا بە بێ کوتانی مۆری خۆی بەسەر ئورووپا کۆتایی پێ نایە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co