فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە دژی هێرشی ڕژیم بۆ سەر حەقدەست و ژیانی کرێکاران
چوارشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۲   |  29-03-2023

ئەمساڵیش “شۆرای باڵای کاری کۆماری ئیسلامی” بە بێ لەبەرچاوگرتنی هۆشدارەکانی پێشووی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بەپێچەوانەی یاسای کاری کەزایی خۆی، بەپێی بەرژەوەند و قازانجی خاوەنکارانی بەشی خسووسی و مەسئوولانی سەرمایەداری حکوومەت لەوپەڕی بێشەرمیدا لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠٢ تەنیا ٢٧ لەسەد زیاد کردووە. بەلەبەرچاوگرتنی تەوەرۆم و گرانی بەرین و داڕمانی ئابووری حکوومەتی ئیسلامی و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە هەزینەی سەبەدی مەعیشەت ٢٦ تا ٣٠ ملیۆن تمەنە، داسەپاندنی حەقدەستی سێ، چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، هێرشی وەحشیانە و ڕاگەیاندنی شەڕی حکوومەتی ئیسلامییە دژبە ژیان و گوزەرانی کرێکاران. بێگومان کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین ناتوانن بەرانبەر بەم هێرشە بێدەنگ بن. هەر لە ئێستاوە گەلێک ناڕەزایەتی لە زۆربەی ناوەندە کرێکارییەکان شکڵی گرتووە. بەرینایی ئەم ناڕەزایەتییانە و سووربوونی کرێکاران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەسندکراوی سەمایەدارانی دەوڵەتی و خسووسی سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، ڕژیم ناچار بە پاشەکشە دەکات.

ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوە کۆمەڵێک لە کرێکارانی حەوت تەپە لە بەشە جۆراوجۆرەکان، لەڕێگەی بانگەوازێکەوە داوایان لە هاوچینەکانیان کرد کە لە سەرانسەری ئێران بە هەڵمەتی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ئیعتڕاز بە لانیکەمی حەقدەست پەیوەست بن. لە بەشێک لەم بانگەوازەدا هاتووە: “حەقدەستی چەند بەابەر ژێر هێڵی هەژاری، دەرکردنی حوکمی نوێ بۆ مەرگی تەدریجی و بڕینی بژێوی کرێکارانە. لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاری لە سەرووی ٢٠ ملیۆن تمەنە، شۆرای باڵای دژەکرێکاری ڕژیم لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی نزیک بە ٥ ملیۆن تمەن پەسند کردووە. ئەمڕۆ ئێمە هاوکارانی ئێوە، یەکەمین ناڕەزایەتیی مەیدانیمان دەستپێکرد و داواتان لێ دەکەین بەم هەڵمەتە پەیوەست بن و بە داهێنانی خۆتان دەست بدەنە ناڕەزایەتیی عەمەلی و مەیدانی. بەبێ یەکگرتن و ئیعتڕازی عەمەلی ناتوانین ئەم وەزعیەتە فەلاکەتبارە بگۆڕێن. بە بێ خەبات و پێکهێنانی فشار و نیشاندانی هێزی کرێکاران ناتوانین بە داخوازییە ڕەواکانمان بگەین.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خاکەلێوە کۆمەڵێک لە کرێکاران و خانەنشینانی حەوت تەپە و شووش بەرانبەر بە فەرمانداریی شووش، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و بە وتنەوەی دروشمەکانی “گرانی، تەوەرۆم، بەڵای گیانی خەڵک”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین” خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی مسەوەبەی شۆرای باڵای کار سەبارەت بە حەقدەست بوون. کرێکارانی خانەنشین ڕایانگەیاند کە: “بردنەسەری ٢٧ لەسەدی حەقدەستەکان تەنانەت لەگەڵ مادەکانی ٩٦ و ١١١ی یاسای تەئمینی ئیجتماعی خانەنشینانی ڕژیمیش یەک ناگرێتەوە. لانیکەمی حەقدەست پێویستە بە بەشداری نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران دیاری بکرێت”.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی چواری خاکەلێوە، ڕێکخراوی “شۆرای خانەنشیان”یش لەڕێگەی بەیانیەیەکەوە ڕایگەیاند کە: “دیاریکردنی وەها لانیکەمێکی حەقدەست، کردەوەی سیاسی – ئابووریی حکوومەتە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی. ئەم ئیقدامەی ڕژیم بۆ دەربازکردنی خۆیەتی لە زەربەی ژێروژوورکەری ئەو شۆڕشەی کە وەزعیەتی مەوجوودی کردووەتە نیشانە. ئەمە نەک بردنەسەری ئاستی حەقدەست بەڵکوو هەرزانکردنی زیاتری هێزی کارە. هەموو توێژەکانی کرێکاران پێویستە دژبەو هەمووە هەڵاواردن و ستەمە یەکدەنگ بن. ئەگینا ڕۆژ بە ڕۆژ مەعیشەتی کرێکاران خرابتر دەبێت و ژیان و هەستیمان لەناو دەچێت”. شۆرای خانەنشیان ڕایگەیاندووە کە موقاومەت و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی هەروا بەردەوامە و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە مانگەکانی داهاتوودا وڵامێکی بەهێز بەم وەزعیەتە دەداتەوە.

سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەریش لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لەڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەدا لەژێرناوی “لانیکەمی حەقدەست دەبێ لەسەرووی هێڵی هەژارییەوە بێت نەک لەژێر هێڵی هەژاری” دژبە بەم کردەوە دژەکرێکارییەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی گرت. لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: “دەسەڵاتی دژی کرێکار، تیرێکی دیکەی بەئامانجی نابودکردنی کرێکاران لە کۆتایی ساڵدا هاویشت، کە قەلبی ملیۆنان کرێکاری کردووەتە ئامانج تا نیشانی بدات کرێکار لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا مافی ژیانی تەنیا بۆ زیندوو مانەوە پێویستە نەک بۆ ژیان. ئەم هێرشە بۆسەر سفرەی بنەماڵە کرێکارییەکان ساڵ بە ساڵ زیاتر و ئاشکراتر دەبێت. ئێران لەبواری حەقدەستی کرێکارانەوە بووەتە یەکێک لە هەرزانترین وڵاتەکان و بۆ سەرکوت و چەوساندنەوەی کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە باڵاترین ئاستدایە. زوڵم و ستەم بە ئیتحاد و یەکگرتن و هاوپشتیی کرێکاران و دەیان ملیۆن بنەماڵەی کرێکاری کۆتایی پێدێت. ئیتحادێک کە دەتوانێ بەسەر هەموو دەسەڵاتێکدا زاڵ بێت”.

سەندیکای کرێکارانی فلزکار مێکانیک و خانەنشیانی سەربەخۆ و یەکگرتووی بابێل، قەزوین، رامهۆرمۆزیش لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشەوە لە ٢٩ی ڕەشەممەدا، بردنەسەری ٢٧ لەسەدیی حەقدەستی کرێکارانیان ئیمپراتوری فریو ناو لێنا و ڕایانگەیاند ئەوە لەحاڵێکدایە کە تەوەرۆمی ئەمساڵ دوای ڕەهاکردنی قیمەتەکان ٣٠٠ لەسەد زیادی کردووە. دەوڵەت و خاوەنکاران لە هەوڵی ئەوەدان کە هەزینەی سەبەدی مەعیشەت ئەسڵەن دیاری نەکرێت و بابەتی هێڵی هەژاری لۆچ بکەن و لەبەرچاوی بخەن. نیۆلیبڕالە وەتەنیەکان لە ناوەندە ماڵیەکانی حکوومەت باوەڕیان بە باشترکردنی وەزعیەتی چینی کرێکار نییە. لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەشدا هۆشداریان داوە کە مافیای لانەکردوو لەناو دەوڵەت باش بزانێ کە هەر لە ئێستاوە لەگەڵ تۆفانی مانگرتنی کرێکاری بەرەوڕووە.

بێگومان یەکگرتوویی و هاوپشتیی کرێکاران و باقیی توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا لە ناڕەزایەتی دژبە پەسندکراوی “شۆرای باڵای کار” بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری لەئارادایە و بەهۆیەوە کۆماری ئیسلامی لاواز و زەبوونتر بووە، دەتوانێ حکوومەتی دژەکرێکار ناچار بە پاشەکشە و قەبووڵی داخوازیی ڕەوای کۆمەڵگەی دەیان ملیۆنیی کرێکاران بکات. ڕژیمی ئیسلامی لە پێگەیەکدا نییە کە بتوانێ ئەم هێرشە بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران بەڕێوەبەرێت. کاتی ئەوە هاتووە کە چینی کرێکار بە مانگرتنی یەکگرتووانە و بەرینی خۆی لە ناوەندە سەنعەتییە سەرەکییەکان، پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشێگێڕانەی ئێستا زەمانەت بکات و بە ئیفلیجکردنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی گەندەڵ و مفتەخۆر، پێداویستییەکانی ڕووخاندنی فەراهەم بکات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co