ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی مانگی ڕێبەندان لە درێژەی هەوڵەکانی عەلی خامنەیی بۆ ئینسجامدان بە ڕیزەکانی هێزی سەرکوتگەر و بۆ دەربازبوون لە قەیرانێک کە تێیدا گرفتار بووە، ئەمجارە فەرماندەکان و هێزی هەوایی و پەدافەندی ئەرتەشی کۆکردەوە. خامنەیی هەوڵی دا تا نیگەرانیی خۆی لەئاست درێژەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری و وجوودی ناکۆکی لەنێوان دەزگا و هێزە چەکدارەکانی خودی ڕژیم دەرببڕێت. لە ناوەرۆکی قسەکانیەوە دیار بوو کە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی لەناو ڕێزەکانی هێزی چەکداری حکوومەت و لەئاستی سەرێی هێزە نیزامییەکاندا ناڕەزایەتیی و ناکۆکی بەرەبەرە دزەی کردووە دەرێ و حکوومەتیی ئیسلامیی نیگەران کردووە. خامنەیی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: “ئامانجی سەرەکیی دوژمن بەچۆک داهێنانی کۆماری ئیسلامی و لەناوبردنی لەڕێگەی پێکهێنانی ناکۆکی و بێ متمانەییە. دروستکردنی بەدبینی لەناو دەستەجاتی سیاسی، بێ متمانەیی خەڵک نیسبەت بە یەکتر و نیسبەت بە حکوومەت و پێکهێنانی بەدبینی لەناو سازمانەکان، بەشێک لە ئامانجی بەدخاهانی ئێرانە”. لە ئارایشی ساڵۆنی سوخەنڕانیی خامنەییدا ئەمجارەیان خەبەرێک لە بەنێر و تابڵۆ و دروشم نەبوو و هەموو فەزای پشتی سەری خامنەیی بە پەرچەمێکی گەورە داپۆشرابوو. لە دەوری ستوونەکانی وەسەتی ساڵۆنەکەش پەرچەمی تێوەپێچرابوو تا نیشانی بدات ئەویش کۆتا دێت، چونکە وەحدەتی هێزە نیزامییەکان و خودی دەسەڵاتی ئیسلامی لە مەترسیدایە. ساڵۆنەکە بەجۆرێک ڕازابۆوە تا لەگەڵ ناوەرۆکی باسەکە واتە “وەحدەتی هەمووان لەژێر پەرچەمی ئێرانی ئیسلامی” یەک بگرێتەوە. ترس و نیگەرانیی خامنەیی لە بەچۆک داهاتنی حکوومەتەکەی بەشێوەی سەرهەڵدانی ناکۆکی لەناو ڕیزەکانی هێزی چەکداری ڕژیم بەتایبەت لەبارودۆخێکدا کە بزووتنەوەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی بۆ بەچۆکداهێنانی پێنج مانگە سەرانسەری ئێرانی داگرتووە، بێ هۆی نییە. چونکە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە هێزی سەرکوت زامنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی بووە و هەزینەی زۆری بۆ داوە. وەحدەتێک کە بەخەیاڵی خۆی هەتا ئێستا بووە و دوژمن ئەم وەحدەتەی کردووەتە ئامانج و هەربۆیە پێویستە وەحدەت و یەکگرتووییان بپارێزن.
لەو جێگەوە کە خامنەیی نەیدەتوانی بوونی ناکۆکی و ناڕەزایەتی بەخاتری تەبعیزی نێوان ئەرتەش و سپا بشارێتەوە، وەک هەمیشە “دوژمن”ی بە هۆکار ناساند و وتی: “بێگومان ناکۆکی هەیە بەڵام نابێ ئەم ناکۆکییە ببێتە هۆی لێک دوورکەوتنەوە. دوژمن جارێک مەسەلەی ژن دێنێتە گۆڕێ جارێک ئیختلافی شیعە و سوننی و جارێکیش مەسەلی ئیختلافی نەسل”. خامنەیی بە دان پێدانان بە وجوودی ئیختلاف و بێ متمانەیی و بەدبینی ئەرتەش نیسبەت بە حکوومەت کە لەژێرناوی “بێ متمانەیی ئەم سازمانە بەم سازمان” باسی کرد، ویستی هەڕەشە لە ئەرتەش بکات کە ئەگەر هەروا باس لە هەڵاواردنی نێوان سپا و ئەرتەش و دزی بەرپرسان و فەرماندەکانی سپا بکات، “وەحدەتی” تێکداوە و بە هاودەستی دوژمن دەناسرێن. هەربۆیە گرینگترین ئەرکی ئەوان پاراستنی ستراتێژی وەحدەتە. واتە دەبێ لە بەرامبەر ئەوەیکە سپا ٦٠ لەسەد لە ئابووریی ئێرانی گرتووەتە دەست بێدەنگ بن و بەشخوازی نەکەن تا “بێ متمانەیی و بەدبینی نیسبەت بە سپا و حکوومەت” پەرە نەستێنێ. خامنەیی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی: “ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا ئینقلابی تر و موئمێنتر و خالستر لە ڕۆژانی ئەوەڵە و لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە هەر کوێ پێویست بووبێ دەورونەخشی نواندووە و خۆڕاگریی نیشان داوە”. ئەوەش بەم ئامانجە وترا تا ئەرتەش ڕووداری نەکات و ئاگادار بێ کە پێشتر غەیری ئینقلابی و ناموئمێن و ناخالس بووە.
نیگەرانی لەئاست پەرەسەندنی ناکۆکی لەنێوان سپا و ئەرتەش کە لەئێستادا زیاتر خۆی نیشان داوە، خامنەیی وادار بەوە کرد کە ئەم کۆبوونەوەیە پێکبێنێت. لەماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا تا حدوودێک ئەم ناکۆکییانە میدیایی بوونەتەوە. ماوەیەک لەمەوبەر جێگری هاوئاهەنگیی ئەرتەش لە وتووێژ لەگەڵ “ئیرنا” هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامی، ناڕاستەوخۆ لەئاست چالاکیی سیاسی و ئابووریی سپای پاسداران ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و لە بایەخ نەدانی دەزگا تەبلیغییەکانی ڕژیم بە ئەرتەش ڕەخنەی گرتبوو. لەبەرامبەردا ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سپاش بەبێ ئەوەیکە ناوی ئەرتەش بێنێت وتبووی کە: “لەم بارودۆخە هەستیارەدا (کە مەبەست بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە) فەرماندە باڵاکان و بەرپرسانی پلە یەکی نیزام لە بەرامبەر مەقامی ڕەهبەریدا ڕاوەستان”. واقعییەت ئەوەیە کە لەگەڵ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری و ئەوزاعی ئاڵۆزی سیاسی و وەرشکستەیی ئابووریی کۆماری ئیسلامی، سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایەتی و ئیفشاگەرییانەی قابیلی پێشبینییە. خامنەیی و باقیی دەزگا ئەمنییەتی و سیخوڕییەکانی ڕژیمیش لەم ناکۆکیانە ئاگاداران کە بەقولی خامنەیی گەیشتووەتە ئاستی “لێکترازان” و دوورکەوتنەوە لە یەک. ئەم بابەتە زەمانێک بۆ ڕەهبەریی سپای پاسداران و خامنەیی دەبێتە هۆی وەحشەت و نیگەرانی کە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا لیبرالی ڕژیم لە دەرەوەش بە پشتیوانیی هێندێک لە دەوڵەتەکان لەسەر وجوودی ناڕەزایەتی لە ناو ڕێزەکانی ئەرتەش حیسابیان کردووەتەوە. وتەکانی ڕەزا پەهلەوی، ئەم مۆرە بێ مایەیەی بورژوازی، سەبارەت بە زەروورەتی پشتیوانی لە ئەرتەش و بەشێک لە بەدەنەی سپا دوای ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی، وەک ئامرازی بەدەسەڵات گەیشتن و سەرکوتی شۆڕش هەر بەم دەلیلەیە.
بەڵام لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم خۆی لەبەرامبەر بزووتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا دەبینێ کە ڕۆژانە دروشمەکانی “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” دەڵێنەوە، ڕۆژانە کرێکاران و جەماوەری خەڵک بەخاتری هەژاری و برسییەتی دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزتر دەبێتەوە، ڕۆژانە ژنانی ئازادیخواز هەڵاواردنی ڕەگەزی و هێماکانی هەڵاواردن و سووکایەتیی ئیسلامی نیسبەت بە ژنان دەبەنە ژێر پرسیارەوە، بەناو “وەحدەتی ستراتێژیکی ئەرتەش و سپا”ش ناتوانێ کۆماری ئیسلامی و خامنەیی و سپای پاسداران لە خرۆشی شۆڕشێک لەڕێدایە بپارێزێت. ئەم کابووسەیان بەم زووانە وەدی دێت و هەموو دامودەزگای سەرکوت و جەنایەت و کۆنەپەرستی و خورافەی ئیسلامی ڕادەماڵێت و خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە چنگ ئەم دسەڵاتە تاوانکارە ڕزگار دەکات.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە