فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕخوازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و بنبەستی ستراتێژی هێرشی بەرگرانەی ڕژیمی ئیسلامی
پێنجشەممە ۱۶-۰۱-۱۴۰۳   |  04-04-2024

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکوومەتی سووریە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی مانگی خاکەلێوە ڕێکەوتی ١ی ئاوریلی ٢٠٢٤ بینایەکی نزیک بە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە گەڕەکی «المزه»ی دیمەشق هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە چەند کەس کوژران. دوای ئەم هێرشە، حسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ڕژیمی ئیسلامی لە دیمەشق ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی بە شەش مووشەک بینای کونسوڵخانەی ئێرانیان کردە ئامانج. بەدوای ئەمەشدا میدیاکانی حکوومەت لە ئێران ڕایانگەیاند کە لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر بینای کۆنسوولخانەی ئێران لە نزیک بینای باڵیۆزخانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی تێکڕووخاوە و حەوت ئەندامی باڵای سپای پاسداران لەوانە محەممەد ڕەزا زاهدی فەرماندەی قۆدسی سپای پاسداران لقی سووریە و لۆبنان، سەرتیپی پاسدار محەممەد هادی حاجی ڕەحیمی جێنشینی زاهدی، حسێن ئەمانەڵڵاهی سەرۆکی ستادی گشتیی هێزی قۆدسی سپای پاسداران لە سووریە و لۆبنان و چوار کەسی دیکە لە ئەفسەرانی سپا کوژراون. دوابەدوای ئەوە پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران، هێرشی مووشەکیی فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر بینای کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق و کوژرانی ٧ فەرماندە و ئەفسەری سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە بۆ بەخاکسپاردنیان لەحاڵی ئامادەکاریدان. ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامیش لە پەیامێکدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە: “ئەم جەنایەتە ناجەوانمەردانەیەش بێ وڵام نامێنێتەوە.”

لە دوای هێرشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، ئەرتەشی ئەم وڵاتە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنان لە سووریە چڕتر کردووەتەوە. بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە دەوروبەری شاری حەلەب، زیاتر لە ٤٠ کەس کوژران. ڕۆژی ٥ی مانگی بەفرانبار، سەید ڕەزا موسەوی، ڕاوێژکاری باڵای سپای قودس و کەسی بەرپرسی هەماهەنگی نێوان سووریە و ئێران لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە کوژرا. ڕێکەوتی ٣٠ی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، بەهۆی هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، پێنج ئەندامی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران، کە یەکیان فەرماندەیەکی باڵا و جێگرەکەی بوو، گیانیان لەدەستدا. هەواڵنێریی دەوڵەتی سووریە ٩ی مانگی ڕێبەندان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نیزامیی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە ژمارەیەک ڕاوێژکاری ئێران و چەندین کەسی مەدەنی لە هێرشی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر چەندین شوێن لە باشووری دیمەشق کوژراون. هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەرتەشی ئیسرائیل و بە تایبەت هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ڕژیمی ئیسلامی دەکرێ وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر دیداری ڕێبەرانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لەگەڵ خامنەیی و فەرماندەکانی سپای پاسداران کە لە تاران ئەنجام درا، لە قەڵەم بدەین. لە وێنەکانی ئەم دیدارەدا، وێنەی پاسدار سەعید ئیزەدی دەبینرێت کە لە بنەڕەتدا بەرپرسی گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکانی فەلەستینییە لەناو هێزەکانی قۆدسی سپای پاسداران.

بەڵام مەسەلەکە لەوە گەورەترە. دەوڵەتی نەتانیاهۆ کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بە پەرەپێدانی هێرشی ئاسمانی و مووشەکی بۆسەر لۆبنان و سووریە بەکردەوە بەرەو پەرەپێدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوی هەڵگرتووە، ئەمجارەیان بە ئەنجامدانی هێرشی مەرگباری ئەم دواییە لە سووریە دژبە هێزەکانی حیزبوڵڵا و سپای پاسداران نەتەنیا ئاستی تەحەمول و زەرفیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیحتمالی تاقی دەکاتەوە، بەڵکوو دەیهەوێ لە ئاستی دژایەتی و هەستیاربوونی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پەرەپێدانی شەڕ هەڵسەنگاندنێکی ورد و ڕوونی هەبێت. دوای ئەم هێرشە مووشەکییە، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاردانەوە بە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لە ئێستادا حکوومەتی ئەمریکا ناتوانێ سەبارەت بە “پشتڕاستکردنەوە”ی شوێنی پێکراو و یان “ئەنجامدەری هێرشەکە” ڕای خۆی دەربڕێ. ناوبراو سەبارەت بە ئاکامەکانی هێرشی ئاسمانی ئەمڕۆ لەسەر ناوچەکە وتی: “من نامهەوێ بەر لەوەیکەی زانیاریی پێویست کۆبکەینەوە، بۆچوونی خۆم لەمبارەوە بڵێم بەڵام ئاشکرایە کە ئێمە لەئاست هەر شتێک کە گرژی و تێکهەڵچوونی زیاتری لە ناوچەکە لێبکەوێتەوە نیگەرانین.

دەوڵەتی ئەمریکا کە ئیدیعای ئەوە دەکات لە یەک مانگ پێشترەوە بە دەوڵەتی ڕووسیە سەبارەت بە هێرشی ئەم دواییەی داعش لە مۆسکۆ و یان پێشتر بە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی تیرۆریستیی لە کرمان هۆشداری داوە، چۆن لە هێرشی گرینگترین هاوپەیمانی ستراتێژیکی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنانەت دوای ئەنجامدانی هێرشەکەش ئاگادار نییە؟

دەوڵەتی ئەمریکا کە لە سەرەتای شەڕەوە بێ مەرج پشتیوانی لە تاوانی جەنگی و کۆمەڵکوژیی حکوومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە کردووە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە سنووردار و کۆنترۆڵکراوەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵای لوبنان و بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە دەکات. حکوومەتی بایدێن کە لە پشت پەردەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێدەدات، لە هەمان کاتدا پەرەسەندنی شەڕ لە بارودۆخی ئێستادا هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا نابینێت. بەڵام پێویستی بە ئامرازی گوشاری ئەرتەشی ئیسرائیلە بۆسەر هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ لە قۆناغی ئێستادا پێداویستییەکانی لە هێرشی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو بانترە. دەوڵەتی ئیسرائیل کە دوای شەش مانگ شەڕ و تاوان لە غەززە بە ئامانجە نیزامییەکانی نەگەیشتووە، لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش زیاتر ڕیسوا و گۆشەگیر بووە و لە ناوخۆش ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی توند بووەتەوە، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە پەرەپێدانی شەڕە. ئەرتەشی ئیسرائیل شکست و ناکارامەیی نیزامیی خۆی لە غەززە بە زەربە لێدان لە حیزبوڵڵا و سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی و بە پەرەپێدانی گوشار بۆسەر دوژمنانی سوێندخواردووی لەئاستی ناوچەکە قەرەبوو دەکاتەوە. کێشەی نەتانیاهۆ ئەوەیە کە لەحنی هاوپەیمانانی ئورووپایی ئەمریکا لە ناتۆ لەژێر گوشاری بیروڕای گشتیی جیهان لەئاست سیاسەت و کردەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئاستێک گۆڕاوە.

لەلایەکەوە دەوڵەتی ئیسرائیل دوای شەش مانگ شەڕ و جەنایەت لە غەززە بە هیچ کام لە ئامانجە نیزامییەکانی خۆی واتە نابوودیی حەماس و ئازادیی بەدیلگیراوان نەگەیشتووە و پێویستی بە شەڕنانەوەیە، لەلایەکی دیکەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانی خۆی لە بەرابەر قودرەتنماییی نیزامیی ئیسرائیل بە دیدار لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس لە تاران بە بەشداریی بەرپرسی گرووپە ئیسلامییە چەکدارە فەلەستینییەکان لە هێزی قۆدسی سپای پاسداران و بە شانۆی هاندەرانە، خۆراکی ئەم شەڕنانەوەیەی فەراهەم کردووە.

واقعیەت ئەوەیە کە بەپێچەوانەی ئەفسانەوێژیی سەرانی ڕژیم، سیاسەتی ستراتێژیک و دوکتۆرینی “هێرشی بەرگرانە” یان “شەڕی خۆپارێزی” لەڕێگەی هێزەکانی میحوەری موقاومەتەوە گەیشتووەتە بنبەست. دەوڵەتانی ئەندامی میحوەری موقاومەت لە ناو سنوورەکانی خۆیاندا بەرەوڕووی ڕق و بێزاریی گشتی و شەپۆلی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بوونەتەوە. ئەگەر قاسم سولەیمانی وتبووی کە بۆ زەمانەتکردنی ئەمنیەتی خۆرەمشار، تاران و قۆم دەبێ لە لۆبنان و سووریە و عێراق بەشەڕ بێین، لەئێستادا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی دەبێ لەگەڵ ژنانی بێ حیجاب لە شەقامەکانی تاران و لەگەڵ خانەنشینان و کرێکارانی مانگرتووی فوولادی ئەهواز لە شەقامەکانی ئەهواز بەشەڕ بێت. قەیرانی سەرمایەداریی ئێرانیش بەجۆرێک ئابووریی کۆماری ئیسلامیی زەمینگیر کردووە کە لەگەڵ بەرزەفڕییە ناوچەییەکانی ڕژیم یەکناگرێتەوە. کۆماری ئیسلامی بە کوتانی تەپڵی نابوودیی ئیسرائیل و بە درێژەی دەستتێوەردانی نیزامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە و بە شانۆی تەرم گێڕانی فەرماندە کوژراوەکانی سپا ناتوانێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیو بخاتە پەراوێزەوە. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی ڕیشەیان لە واقعیەتە مادییەکان دایە. سگی برسی، سفرەی بەتاڵ و گەرووی تینووی ئازادی هەموو ڕۆژێ ئەم پێویستییەی ژیان هاوار دەکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە